ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شەڕی سووریا تائێستا بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە سەد ملیار دۆلاری تێچووە

ڕۆژنامەیەکی لوبنانی ئاشکرای کردووە کە تێچووی شەڕی سووریا بۆ ڕژیمی ئێران، هەتا ئێستا، سەد ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ڕۆژنامەی فەڕانسەوی زمانی “لوغیان لوژوغ” چاپی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە تێچووی چەکدارانی ڕژیمی ئێران لە سووریا لە نێوان ٣٠ بۆ ١٠٥ ملیار دۆلار بەراورد دەکرێت. ئەمە بێجگە لەو تێچووە زیادانەیە کە ڕۆژانە لە جموجۆڵ و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی لە سووریا، لەسەری دەکەوێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران دەیەوێ بە سەرمایەگوزاریی ئابووری لە کەرتی خانووبەرە و بیناسازیی سووریا، داکۆکی لە پێگەی خۆی لەو وڵاتە بکات. بەڵام ڕژیمی ئەسەد لەپێناو گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، دەیەوێ کەم کەم خۆی لە تاران دوورەپەرێز بگرێت.

لە راپۆرتەکەدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان هاتووە کە ژمارەی چەکدارانی ئێران لە سووریا، لە بیست هەزار چەکدارەوە بۆ دە هەزار چەکدار کەم بووەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی کە ڕژیمی سووریا ئاگادارە لەوەی ئامانجی ئیران لە مانەوەی هێزەکانی لە سووریا ئەوەیە ئەو وڵاتە بکاتە گۆڕەپانی شەڕی داهاتووی لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەش بۆ ئەسەد کە دەیەوێ پێوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە، قبووڵ ناکرێت.

وڵاتانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا ڕۆڵێکی یەکجار خراپیان لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا گێڕاوە. ئەو سێ وڵاتە بە دەستوەردانی سیاسی و سەربازیی لە سووریا کە ماڵوێرانیی ملیۆنان کەسی لێکەوتۆتەوە، ئابووریی وڵاتەکانیان کردۆتەوە قوربانیی هەژموونخوازییەکانیان.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌