ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

حەسەن نەسرولڵا هەڕەشە دەکات و دەڵێ سەد هەزار چەکداری هەیە

لوبنان جارێکی تر و ئەمجارەش بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕێکی ناوخۆیی بووەتەوە. حەسەن نەسرولڵا سکرتێری گشتیی حیزبولڵای لوبنانیش هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی کردووە.

بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، حەسەن نەسرولڵا دوێنێ لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ئەو وڵاتە وتی حیزبولڵا سەد هەزار چەکداری پۆشتە و ڕاهێنراوی هەیە و ئامادەیە ڕووبەرووی نەیارانی ببێتەوە.

حەسەن نەسرولڵا لە کاردانەوەی توندوتیژییەکانی پێنجشەممەی ڕابردووی شاری بەیرووت پایتەختی لوبنان ئەم هەڕەشە و گوڕەشانەی کردووە.

ناوبراو ئۆباڵی توندوتیژییەکانی بەیرووتی کە کوژرانی حەوت چەکداری حیزبولڵا و گرووپی شێعەی ئەمەلی لێکەوتەوە، خستە ئەستۆی هێزەکانی سوپای لوبنان. هۆشداریشی دا کە لەوانەیە ئەو وڵاتە جارێکی تر ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی ببێتەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبولڵای لوبنان کە گرووپێکی چەکداری شێعەی سەر بە ئێرانە، وتی: “بۆ یەکەمجار ناچارم هەژماری هێزەکانم ئاشکرا بکەم. ئێمە سەد هەزار چەکداری پۆشتە و پەرداخمان هەیە کە ڕاهێنانیان پێکراوە و ئامادەی شەڕن.”

توندوتیژییەکانی پێنجشەمەی ڕابردووی بەیرووت دوای ئەوە ڕوویدا کە لایەنگرانی حیزبولڵا و گرووپی ئەمەل لە گردبوونەوەیەکدا داوای گۆڕینی دادوەری تایبەت بە دۆسیەی تەقینەوە بەهێزەکەی ساڵی ڕابردووی بەیرووتیان کردبوو. دەنگۆی ئەوە هەیە حیزبولڵا جبەخانەیەکی گەورەی لە بەندەری بەیرووت حەشار دابوو. دادوەری دۆسیەکەش بڕیارە لەو بابەتە بکۆڵێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌