ژن

هاوسەرۆکی کەجەکە: نەوەد لەسەدی بۆردومانەکانی ڕژیمی تورکیا بە پێدانی زانیاری لەلایەن پەدەکەوە ئەنجام دەدرێت

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێ پەدەکە بەتەواوی بووەتە بەشێک لە پلانەکانی ڕژیمی فاشیستی تورکیا لەدژی کوردان. تەئکیدیش دەکاتەوە کە بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا بەشێکە لە شەڕی شۆڕگێڕیی گەل و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی وڵات باسی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی، بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا و هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ ڕژیمی تورکیای کرد.

هاوسەرۆکی کەجەکە لە سەرەتای وتوێژەکەدا بەبۆنەی ٩ی ئۆکتۆبر ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان باسی پیلانی شەش ساڵی ڕابردووی ڕژیمی تورکیا بۆ قڕکردنی گەلی کوردی کرد.

بەسێ هۆزات وتی: “ڕژیمی تورکیا ساڵی ٢٠١٤ پلانی بەچۆکداهێنانی گەلی کوردی ئامادە کرد و لەو کاتەوە دەیەوێ سەریبخات. سەرەتای ئەو پلانە بە سەپاندنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد. شەش ساڵە ئەو گۆشەگیرییە بە توندترین شێوە بەردەوامە. شەش ساڵە هەوڵ ئەدەن پەیوەندیی ڕێبەر ئاپۆ لە گەل و تێکۆشانی ئازادیی دابڕێنن. سەر نەکەوتوون. بە دڵنیاییەوە سەریش ناکەون.”

هاوسەرۆکی کەجەکە بە ئاماژەدان بە هەڵمەتی سەرتاسەریی بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان تەئکیدی کردەەوە کە ئێستا ئیتر بابەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە مژارێکی جیهانی و دەیان ئاکادیمیسیەن و ڕۆشنبیر لە وڵاتانی جیهان داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.

بەسێ هۆزات لە تەوەرێکی دیکەی وتوێژەکەدا تیشکی خستە سەر پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر کوردان و هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ ئەو ڕژیمە داگیرکەرە.

هاوسەرۆکی کەجەکە وتی: “ڕژیمی تورکیا دەیەوێ سەرەتا تێکۆشانی ئازادی لەناو ببات. دواتریش باشووری کوردستان بەتەواوی داگیر بکات. لەم ناوەدا پەدەکەش هاوکاریی ڕژیمی تورکیا دەکات. پەدەکە بەتەواوی بووەتە بەشێک لە پلانەکانی ڕژیمی تورکیا. نەوەد لەسەدی پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕژیمی تورکیا بەهۆی پێدانی زانیاریی لەلایەن پەدەکەوە ئەنجام دەدرێت. وەک بڵێی ڕژیمی تورکیا پێی وتووە ئەگەر پەکەکە پاکتاو بکەیت، دەبیتە حاکمی چوارپارچەی کوردستان و پەدەکەش بڕوای بەم قسە هێناوە. بەڵام حیسابی ئەوەی نەکردووە کە ڕژیمی تورکیا ئەگەر کوردی ئازاد لەناو ببات، هێرش دەباتە سەر کوردە خاین و نۆکەرەکانیش.”

بەسێ هۆزات سەبارەت بە بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلا لەدژی هێرشەکانی ڕژیمی تورکیا ڕایگەیاند: “گەریلا شەش مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەرخۆدانێکی مەزن ئەنجام دەدات. ڕژیمی تورکیا بە هەموو هێزێ خۆی هێرش دەکات و لەدژی گەریلا چەکی شیمیایی بەکار دەهێنێت. بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئەو ئەنجامەی چاوەڕێی دەکرد، دەستی نەکەوتووە. گەریلا بە تاکتیک و شێوازی نوێ شەڕ دەکات و هێرشەکان تێکدەشکێنێت.”

هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی کردەوە کە پێویستە گەل بەشێوەیەکی بەرفراوان خاوەنداری لە بەرخۆدانی گەریلا بکات و ببێتە بەشێک لەو بەرخۆدانە. بەسێ هۆزت وتی: “بەرخۆدانی گەریلا بەشێک لە شەڕی شۆڕشگێڕیی گەلە. بەشێکی سەرەکیی شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل، بەرخۆدانی جەماوەرییە. بۆیە دەبێ گەلەکەمان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری ئەم بەرخۆدانە بێت.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌