ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە چەندین شار ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و ناوچەی سەوزی بەغداد داخرا

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاردانەوەکان و ڕەد کردنەوەی ئەو ئەنجامانە لەئاستی ناوخۆدا زیادیان کردوە و لەچەندین شاردا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت و ناوچەی سەوز لەبەغداد داخرا.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ، لە ناوەند و شارەکانی پارێزگاکانی، بەسرە، دیوانییە، سەڵاحەدین، دیالە و بەغداد و چەندین شوێنیتر خۆپیشاندان بەڕێوە چوو بۆ ڕەدکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پشێوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە شارە جیاوازەکان خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانی بەستنەوەی شارەکان و شەقامە گشتییەکانیان داخستوە.

لە مەیدانی تەحریری شاری بەغداد، بەهەزاران کەس گردبونەوە و خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد.

دروشمەکان نەفرەت کردن بوو لە ئێران و ئەمریکا و ڕەد کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن.

حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی ناوچەی سەوز، هێزەکانی بڵاوپێکرد و سەرجەم دەروزەکانی ئەو ناوچەیەی داخست و هاتوچۆکردن تێیدا زۆر سنوردارکرا.

بەپێی شارەزایان و مامۆستایانی زانکۆکانی باشوری کوردستان دەڵێن هەڵبژاردنی ١٠ی ئەم مانگە دەستێوەردانی دەرەکی زۆری تێداکراوە و عێراق لەبەردەم شەڕێکی ناوخۆیی دایە.

هەروەها، میدیا عەرەبییەکان کە چاودێری دۆخی عێراق دەکەن، لە ڕاپۆرتەکانیان دا ئاماژە بەوەدەکەن.گرژییەکانی لایەنە عێراقییەکان و دۆخی گشتی عێراق بەهۆی دەستوەردانەکانەوە ڕووبەڕووی مەترسی بۆتەوە و بەشێک لە هێزە شیعەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان ڕەد کردۆتەوە ولە شەقامەکان دا میلیشیاکانیان دۆخێکی ئەمنییان دروستکردوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌