کوردستان

لە مانگی ڕابردوودا ٥٤٨ کەس لە بادینان بەهۆی گازی کیمیاییەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە مانگی ڕابردوودا لە ناوچەکانی کانی ماسی و دەوروبەری ٥٤٨ کەس بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی سووتانەوەی چاو و تێکچوونی بینین، ئازاری سەر، خوێنبەربوونی لووت، تەنگەنەفەسی، سووربوونەوەی پێست، دروستبوونی لەککە لەسەر پێست سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

میزۆپۆتامیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە پەدەکە ژوورێکی عەمەلیاتی بۆ ئەو بابەتە دروستکردووە و ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، گواستوویانەتەوە و نەخۆشخانەی سەیار-ی سەربازیی لە بامەڕنێ و نەخۆشەکانیان شاردووەتەوە.

ئەو کەسانەی گواستراونەتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە پرسیاریان لەبارەی هۆکاری گواستنەوەیان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە کردووە، لەلایەن پەدەکەوە پێیان وتراوە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پسپۆڕ لە تورکیاوە هێندراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.

بەگوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانەش ئاشکرانەبن پەدەکە هەڕەشەی لە موختاری گوندەکانی سنوورەکە کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە سوپای تورکیا لە ٢٣ی ئەیپریڵ ٢٠٢١ەوە هێرشێکی گەورەی سەربازیی بۆ ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکردووە، بەگوێرەی ئامارەکانی هەپەگەش لەماوەی شەش مانگی ڕابردووی هێرشەکاندا سوپای تورکیا نزیکەی ٣٠٠ جار گازی کیمایی لە هێرشەکاندا بەکارهێناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌