کوردستان

هاوسەرۆکانی کەجەکە: دەوڵەتی سەربەخۆ و کوردستانی سەربەخۆ دوو بابەتی لێک جیان

کەسایەتی ئینترناسیوناڵ ئالف بەکینسال چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لەگەل هەردوو هاوسەرۆکی کەجەکە، بەسێ هۆزات و جەمیل بایک پێکهێناوە. ئالیف سەبارەت بە چەندین بابەتی گرینگ پرسیارەکانی ئاراستەی هاوسەرۆکانی کەجەکە کردوە و ئەوانیش بە وردی وەڵامیان داوەتەوە.

ئالیف بەکینسال بەم پرسیارە دەستی پێکردوە: ئایا کەجەکە و ئەو رێكخستنە جۆراجۆرانەی گرێدراوی ئەون، ئامانجیان ئەوەیە، كە كوردستانێكی بەتەواوەتی سەربەخۆ بۆنیاد بنێن یان كوردستانێكی ئۆتۆنومیان دەوێت؟ هەڵوێستی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان سەبارەت بە جیابوونەوە و جوداخوازیی چییە؟.

هاوسەرۆکانی کەجەکە بەمجۆرە وەڵامیان داوەتەوە: گرنگە بزانین سەربەخۆیی لە چ واتایەكدا بەكار دەهێنرێت، ئەگەر سەربەخۆیی لە واتای نەكەوتنە ژێر كاریگەریی و ئیرادەی هیچ كەس و هیچ هێزێكدا بێت، دەتوانین بڵێین كە بزووتنەوەكەی ئێمە بەتەوایی سەربەخۆخوازە. بە وردبینیەوە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە سەربەخۆیی خۆمان لەم واتایەدا بپارێزین. روون و ئاشكرایە هەر لە یەكەم هەنگاونانمانەوە بۆ گۆڕەپانی مێژوو هەتاكو ئەمڕۆ ڕێباز و هەڵوێستی سەربەخۆخوازانەی خۆمانمان پاراستووە. هیچ كەسێک، هیچ هێز یان دامەزراوەیەكی سیاسی ناتوانێت بە ئێمە بڵێت كە “كەوتونەتە ژێر كاریگەریی ئەم هێز و ئەو هێز، هەندێک هێز كاریگەرییان لەسەر ئیرادەتان دانا و ئاڕاستەی كردن”. هەر لەبەر ئەم هەڵوێستە و ئیرادەی سەربەخۆیەیە، كە ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتیی بە بارمتە گیرا و ئەوە ٢٣ ساڵە لە دژوارترین هەلومەرجی گۆشەگیرییدا خۆڕاگریی دەكات. هەر لەبەر ئەم رێبازە سەربەخۆخوازانەمانە كە هەموو دەوڵەتانی ناتۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازەكەمانیان خستۆتە لیستی تیرۆرەوە و بوونەتە هێزی هاندەر و رەوایەتی دان بۆ هەموو چەشنە هێرشێک لە سەر بزووتنەوەكەمان.

ئەگەر بێین و بە چەمک و ئەدەبیاتی مۆدێرنیتی سەرمایەداری یان ئەدەبیاتی باوی چەندین سەدەی رابردوو قسە بكەین، ئەوا تووشی هەڵە دەبین. چۆنكە ئەدەبیاتی سیاسی ئەم چەند سەدەی رابردوو، لە بنەڕەتدا لە لایەن هێزەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە شەكلی گرتووە. ئەم هێزانە سەربەخۆیی لەواتای “نەتەوە-دەوڵەت” و “دەوڵەتی سەربەخۆ” دا بەكار دەهێنن. پێویست ناكات ئێمەش بەدوای ئەوان بكەوین و سەربەرخۆییی وەک ئەوان شرۆڤە بكەین. تێڕوانینێكی وەها ئێمە تووشی هەڵە دەكات. نابێت هێزی ئازادیخواز، سۆسیالیست و دیموكراسیخواز بە چاوی هێزی هەژموونگەرا، مێتینگەر و ستەمگەرەوە لە سەربەخۆیی بڕوانن و وەک ئەوان شرۆڤەی بكەن. چەمكی “دەوڵەتی سەربەخۆ” گوزارشت لە بەرژەوەندی بورژوازی نەتەوەیی دەكات.

هاوتاكردنی چەمكی “كوردستانی سەربەخۆ” بە چەمكی “دەوڵەتی سەربەخۆ” كارێكی راست نییە.
لەم رووەروە، هەژماركردن و لێكچواندنی چەمكی “كوردستانی سەربەخۆ” وەک “دەوڵەتی سەربەخۆ” كارێكی هەڵەیە.
نابێت لە واتای “نەتەوە-دەوڵەت” دا لە “كوردستانی سەربەخۆ” تێبگەین و وا بڕوا بكەین كە ئەگەر دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەبێت كوردستانێكی سەربەخۆش دێتە دی. ئەگەر خۆمان لەم هەڵەیە لانەدەین نە دەتوانین هەڵسانگدنێكی سیاسی راست بكەین و نەش دەتوانین چەمكێكی راست بۆ رزگاری نەتەوەیی و ئازادی نەتەوەیی پێشبخەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌