کوردستان

دادگای هەولێر جارێکیتر دادگایی پێنج دەستگیر کراوی بادینانی دواخست

پڕۆسەی دادگایی کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی دەستگیرکراوی بادینان بەردەوامە و دادگای هەولێر جارێکیتر پڕۆسەی دادگایی کردنی پێنج چالاکوانی زیندانی کراوی دواخست.

ئەمڕۆ، لە دادگایی دووی تاوانەکانی هەولێر، بڕیاربوو پڕۆسەی دادگایی کردنی پێنج چالاکوانی تری دەستگیرکراوی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام جارێکیتر دواخرا بۆ ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە.

بیانوی دادگا بۆ دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆ ئەوە بوە کە دوو لە دادوەران شوێنی کاریان گواستراوەتەوە بۆ جێگایەکیتر.

پارێزەرانی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان ئەو بەهانەیانەی دادگا بەبێ بنەما ناودەبەن.

پارێزەران دەڵێن دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت بە دواخستنی دانیشتنەکانی دادگا حوکم بەسەر چالاکواناندا بسەپێنێت و بەهانەدەدۆزنەوە بۆ دادگاییکردن ناشیانەوێت لە ئێستا کە دەنگدان هەیە ئەم پرسە کاریگەری هەبێت لەسەر دەنگەکانیان، دوای هەڵبژاردنەکان سزایان دەدەن.

لەبەردەم دادگای هەولێر لە لێدوانێک دا بۆ ڕۆژنامەنوسان، ئامەد سلێمان کەمال، کوڕی یەکێک لە دەستگیرکراوان کەبڕیاربوو ئەمڕۆ دادگایی بکرێت، ڕایدەگەیەنێت ئێمە داوای مافی کەس و کارمان دەکەین، پارتی بڕیاری داوە لەبەردەم دادگا دەرمان بکات ئێرەشمان پێ ڕەوانابینێت.

ئامەد سلێمان، بانگەوازی ئەوە لەخەڵکی هەرێم دەکات کە لەهەڵبژاردن دا دەنگ بەپارتی نەدەن.

لە لایەکیترەوە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و پارێزەران دەڵێن کەیسی زیندانیانی بادینان بە سیاسی کراوە و بەبێ بەڵگە و بێ بنەمایە و ئیرادەی دەرەوەی دادگا سەپێندراوە بەسەر دادگادا بۆ سزادانی زیندانی کراون.

نزیکەی ١٥مانگە، سەد ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی بادینان لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراون و تائێستا چارەنوسی کەیسەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە جگە لە پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوس کە بەشەش ساڵ زیندانیکراون و لە ئێستا لە چاکسازی هەولێردان، هاوکات ماوەیەکیشە زیندانیکراوانی بادینان دەستیان بەمانگرتن کردوە لە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان لەزیندانەکانی ئاسایش و چاکسازی هەولێردا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌