کوردستان

یەرەکە: ئەو گرووپەی بە ناوی ئێمەوە پارە لە خەڵک وەردەگرن، هیچ پەیوەندیەکیان بە ئێمەوە نییە

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە رایگەیاند ئەو گرووپەی لە هەرێمەکانی بانە و مەریوان بە ناوی ئەوانەوە لە خەڵک پارە وەردەگرن، هیچ پێوەندییەکیان بە هێزی گەریلاوە نیە.

یەرەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە: لە دژی هێزی گەریلا و لە هەمبەر هۆگری خەڵکی هەرێمەکە بۆ پژاک و گەریلاکانی یەرەکە، چەکدار و گرووپەکانی سەر بە رژێمی داگیرکەری ئێران دەستیان بە پیلانی ناوزڕاندن و دوور لە پێوەرە ئەخلاقییەکان کردووە.

یەرەکە دەستنیشانی دەکات: خەڵکی هەرێمەکانی مەریوان و بانە شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرن و بە ساڵانە لە دژی سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران تێدەکۆشن و لەو پێناوەشدا هەمەجۆرە پشتیوانی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکەن و لەو هەرێمانەوە گەنجان و ژنان، پۆل پۆل بەشداری ناو ڕێزەکانی گەریلا دەبن.

یەرەکە هەر وەها رایگەیاندووە: ڕژیمی داگیرکەری ئێڕان و بەکرێگیراوەکانی دەستیان بە پیلانێكی نەگریسی ناوزڕاندن و ڕەشکردنی ناوی گەریلا کردووە و لەو چوارچێوەشدا گرووپێکی چەکدار بە جل و بەرگی گەریلاوە دەستیان بە باجگیری و کۆ کردنەوی یارمەتی لە خەڵکی هەرێمەکە کردووە.

یەرکە جەخت دەکاتەوە: ئەو کەس و گرووپانە کە لەو هەرێمانە باجگیری لە خەڵک دەکەن هیچ پێوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. لەم دۆخەدا لەبەر ئەوەی کە پەتای کۆڕۆنا سەریهڵداوە، بەهۆی ڕچاوکردنی دۆخی ئابووری گەل، هێزەکانمان هیچ جۆرە یارمەتییەکیان لە خەڵک وەرنەگرتووە و تاکوو ئێستاش بەردەوامن لەو سیاسەتەیان. لەو سۆنگەیەشەوە گەلەکەمان ئاگادار دەکەینەوە کە هۆشیاری ئەو پیلانگێڕیەی رژێمی داگیرکەری ئێران ببن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌