جیهان

بایدن کۆبوونەوەی لە گەڵ مەحمود عەباسی رەتکردەوە

ناوەندە جیهانیەکانی هەواڵ سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فەلەستین و ئامریکا دەڵێن کە جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئامریکا بایەخێکی ئەوتۆ بە کاربەدەستانی فەلەستینی نادات.

ئاژانسی دەنگوباسی “ئەکسیوس” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی فەلەستینی و ئامریکایی رایگەیاند کە بایدن حەفتەی رابردوو رەتی کردوتەوە لە گەڵ مەحموود عەباس لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کۆببێتەوە.

بە پێی ئەو راپورتە راوێژکارانی مەحموود عەباس چەند هەفتە لەمەوبەر ئەو بابەتەیان تاوتوێ کردووە. بەڵام کۆشکی سپی گوتوویە کە سەرۆک کۆماری ئامریکا هیچ کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لە نیویورکدا نابێت و بەرنامەی کاری رێگە بە چاوپێکەوتن لە گەڵ مەحموود عەباس نادات.

بەو هۆیەشەوە مەحموود عەباس لە سەفەر بۆ نیویورک پاشگەز بوتەوە و تەنیا بە رێگەی ڤیدیووە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری کردووە.

بە پێی لێکدانەوەی چاوەدێران پێشتر رووی نەداوە کە سەرۆکی ئامریکا داوای فەلەستینیەکان بۆ چاوپێکەوتن رەت بکاتەوە. ئەمەش نیشانەیەکی ئاشکرایە کە ئیدی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین ئەو بایەخەی پێشووی بۆ ئامریکا نەماوە.

بایدن لە وتاری بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لە رێگەی چارەی دوو وڵات بۆ فەلەستین و ئیسرائیل پێداگری کردبوو. بەڵام داوای نەکرد کە فەلەستین و ئیسرائیل گوتوبژبێژی ئاشتی دەست پێبکەنەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌