ژن

کەژەکە: تێکۆشانی ژنان دژی فاشیزم و داگیرکاری قۆناغێکی نوێی تێپەڕاندوە

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان، کەژەکە، بەبۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی هەڵمەتی سەرتاسەریی ‘لە بەرامبەر قڕکردنی ژنان کات کاتی پاراستنی ژن و جڤاکی ئازادە” ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە. کەژەکە بەشداریی بەرفراوان لە ڕیزەکانی بەرخۆدانی بە زامنی گەیشتن بە ئامانجەکانی هەڵمەتەکە ناو بردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: “ساڵێک بەسەر هەڵمەتە سەرتاسەرییەکانی کەجەکە و کەژەکەدا تێپەڕی. ئەو هەڵمەتانە بە درووشمەکانی “لەدژی گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکاری کاتی پێکهێنانی ئازادییە” و “کات کاتی ئازادییە”، بوونە هۆی ئەوەی تێکۆشانی مەزن لەپێناو لابردنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرەکەمان و ئازادیی یەکجارەکیی بەرێوە بچێت. هاوکات لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا، لەنێوان گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێک نێزیکبونەوەی هێنا ئاراوە و لەو ڕیگەیەوە ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بڵاو بوویەوە.ئیستا ئیتر لەناو گەلانی جیهاندا هۆگری و سەمپاتی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان درووست بوو.”

کەژەکە سڵاو و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو خەباتکارانەی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەشداریی هەڵمەتەکانی کەجەکە و کەژەکە بوون، کردووە. بەتایبەت تەئکیدی کردۆتەوە کە هەڵمەتەکەی کەژەکە ئەو ئامانجەی دەیەوێ سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژنان، بە ڕۆژەڤ کردووە. هاوکات لە بەرامبەر فاشیزمدا هەڵوێستێکی گرینگ نیشان دراوە و لەدژی هێرشەکانی دوژمن خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادی کراوە.

کەژەکە گەریلاکانی یەژەئاستار و هەپەگەی بەتایبەتی پیرۆز کردووە کە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە سەرتاسەریانەدا بەرخۆدانێکی بێوێنەیان لەدژی داگیرکەران ئەنجام داوە. دووپاتیشی کردۆتەوە کە لە سەرکەوتنی ئەو هەڵمەتانەدا خەبات و بەرخۆدانی شەهیدانی ئازادی ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە.

کەژەکە لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەدا خەباتی یەکساڵی ڕابردووی لە چوارپارچەی کوردستان، ئەورووپا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەڵسەنگاندووە.

کەژەکە سەبارەت بە قۆناغی داهاتووش ڕایگەیاندووە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی یەکساڵی ڕابردوو، هەڵمەتەکە بەهێزتر و بەرفراوانتر لە ساڵی پار بەردەوام دەبێت.

کەژەکە جەختی کردۆتەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو هەڵمەتە لە قۆناغی دووەمدا ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان، کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتداریی ئاکەپە مەهەپەیە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌