ئێران

سووختبەرێکی تر لە ئاکامی تەقەی چەکدارانی ڕژیمی ئێران گیانی لەدەست دا

سووختبەرانی بەلووچیش وەک کۆڵبەرانی کورد کە لەپێناو دەستخستنی پارووە نانێک گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ئەوانیش بەردەوام لەسەر سنوورە دەستکردەکانی بەلووچستان دەبنە ئامانجی چەکدارانی ڕژیمی ئێران. دوێنێش سووختبەرێکی دیکە بە تەقەی ئەو چەکدارانە خەڵتانی خوێن کرا.

ماڵپەڕی هەواڵی “ڕەسانک” کە هەواڵەکانی تایبەت بە هەرێمی بەلووچستان دەگوازێتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو سووختبەرە شەوی ڕابردوو لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەست داوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئەو سووختبەرە کە شۆفیڕی ئۆتۆمبیلەکە بووە، ناوی “خوداداد مەهیمزەهی” و خەڵکی دەڤەری “پۆشتکوو” سەر بە شاری خاشە.

ئۆتۆمبیلەکەی خوداداد مەهیمزەهی بەنزینی بار کردووە و لەناو سەنتەری شارەکە تەقەی لێکراوە.

هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران بێ ئەوەی پێشتر هۆشداریی بە شۆفیڕەکە بدەن یان ئیستی بدەن، یەکسەر تەقەیان لێکردووە. شۆفیڕەکە دەستبەجی گیانی لەدەست داوە.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی ڕژیمی ئێرانیش، تەقەکردنی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە خەڵکی مەدەنی بەبێ هۆشداریی پێشوەختە، تاوانە. بەڵام هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێ بکرێت ڕۆژانە تاوانی لەمچەشنە لەسەر سنوورەکانی بەلووچستان و کوردستان لەدژی سووختبەران و کۆڵبەران ئەنجام دەدەن و ساڵانە بە سەدان کەسی بێتاوان خەڵتانی خوێن دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌