ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

چەکدارانی تاڵیبان لە ویلایەتی پەنجشیر دادگای سەرپێیان پێکهێناوە

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە سەرکوتی ناڕازاییانی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هۆشداریی دا.

لە ڕاپۆرتێکدا کە نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤی سویسڕا، ڕۆژی هەینی بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە: “چەکدارانی تاڵیبان بە باتووم و قامچی هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکی ناڕازی و تەنانەت بە تەقەیان لێیان کردووە. هەر وەها ماڵەوماڵ بەدوای چالاکانی ناڕازیدا دەگەڕێن و هەڕەشەی مل پەڕاندنیان لێ دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لانیکەم چوار کەس لە خۆپێشاندەرانی ئەفغان لەمیانەی سەرکوتکارییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کوژراون.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی تاڵیبان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چەکدارانی تاڵیبان لە ویلایەتی پەنجشیر دژی خەڵکی ئەو ویلایەتە و بەرهەڵستکاران “دادگای سەرپێی”ی پێکهێناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌