ئێران

سەعید ئەفکاری لە بەرەبەری ساڵوەگەری لەسێدارەدانی براکەی قۆڵبەست کرا

لەبەرەبەری ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی نەوید ئەفکاری، برایەکی دیکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە قۆڵبەست کرا.

ئاژانسی هەواڵی هەرانا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ سەعید ئەفکارییان لە دەروازی شاری شیراز قۆڵبەست کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە. لە کاتی قۆڵبەستکردنیدا لێیانداوە و ئازار و ئەشکەنجەیان داوە. ئیلهام ئەفکاری خوشکی سەعید ئەفکاریش کە لەوکاتەدا لەگەڵی بووە، ڕووبەڕووی لێدان و ئازاردانی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە.

پێشتریش وەحید و حەبیب ئەفکاری لەگەڵ نەویدی برایان ڕاپێچی زیندان کرابوون. لەوکاتەوە نەوید ئەفکاری لەسێدارە دراوە، حەبیب و وەحید لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی شیراز ڕادەگیرێن.

سەعید ئەفکاری دوێنێ پێشی ئەوەی دەستبەسەر بکرێت، لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان گوشاریان بۆ بنەماڵەکەیان هێناوە و دەیانەوێ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ساڵیادی لەسێدارەدانی نەوید بگرن.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو تویتە، ئەژماری سەعید ئەفکاری لەسەر تویتەر لەکار خراوە.

نەوید، وەحید و حەبیب ئەفکاری ساڵی ١٣٩٧ دوای خۆپێشاندانەکانی مانگی گەلاوێژی ئەوساڵە قۆڵبەست کران.

هەرسێ براکە بە بنەماڵەکەیان وتبوو، لەکاتی لێپێچینەوەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.

نەوید ئەفکاری ساڵی ڕابردوو لەسێدارە درا. وەحید و حەبیبیش هەریەک سزای ٥٤ ساڵ و ٢٧ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌