ئێران

شۆڕای شاری تاران کارتۆن خەوی بە ئاسایی دەزانێت

ئەندامێکی شۆڕای شاری تاران پێی وایە کارتۆن خەوی و بێ سەرپەنابوون هەلبژاردەی کەسەکانە و جۆرێکە لە شێوازی ژیانێکی ئاسایی.

زەهرا شەمس ئێحسان، ئەندامی شۆڕای شاری تاران بە ڕۆژنامەی هەمشەهری وتووە: نابێ کارتۆنخەوی و بێ سەرپەنایی بە کەسانی گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر گرێبدرێتەوە. بە وتەی ناوبراو کارتۆنخەوی و ئەوەی کە کەسێک لە دەرەوەو بێ سەرپەنا بخەوێ جۆرێکە لە هەڵبژاردن و لەوانەیە کەسێک پێی خۆش بێ ئەو شێوازە لە ژیان هەڵبژێرێت.

ئەو وتانەی ئەندامی شۆڕای شاری تاران لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئامارێک کە خودی ڕۆژنامەی هەمشەهری بڵاویکردۆتەوە لە کۆی ٨٥ میلیۆن هاوڵاتی ئێرانی زیاتر لە ٢٦ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە هەژاری و بێ دەرەتانی ماڵی دا ژیان بە سەر دەبەن و بەشێکی زۆریان توانای دابینکردنی ماڵ و شوێنی ژیانیان نییە.

لە لایەکی دیکەوە مەسەلەی کارتۆن خەوی یان بێ سەرپەنایی ژنان لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشتر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیان بە تەواوی پشتڕاستکردبۆوە. بەڵام تا ئێستا نەک تەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەی هەژاری نەدراوە، بەڵکوو لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی لەوبارەوە هەوڵێکە بۆ ئاسایی نیشان دانی دۆخی هەژاری و بێ سەرپەنایی خەڵک بە گشتی و ژنان و منداڵان بە تایبەتی.

هەروەک چۆن زەهرا شەمس ئیحسان بێ سەرپەنا بوون و کارتۆن خەوی بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی شێوازی ژیان دادەنێت ودەڵێ ئەوان ناتوانن هاوکاری کەسێک بکەن کە ٢٠ ساڵ لە سەر کارتۆن و لە سەر جادەکان خەوتووە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی بکەنەوە و ژیانێکی ئاسایی بۆ دابین بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌