جیهان

لە دەساڵ دا نەخۆشی بەرزبوونەوەی زەختی خوێن لە جیهان دوو هێندە زیاتر بووە

ژمارەی ئەو خەڵکانەی لە جیهان دا تووشی بەرزبوونەوەی زەختی خوێن دەبن بۆ یەک میلیار و سێسەد میلیۆن کەس بەرزبووەتەوە.

نوێترین توێژینەوەی زانستی نیشانی دەدات کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو دا ڕێژەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی زەختی خوێن بوون دوو بەرانبەر بووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نیوەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی زەختی خوێن دەبن ئاگایان لە نەخۆشییەکەیان نییە و هەوڵی پارێزکردن و چارەسەری نەخۆشییەکەیان نادەن، هەربۆیە لەوانەیە بە شێکی زۆریان تووشی جەڵدەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ دەبن. زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی زەختی خوێن دەبن و ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نین، تەمیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵان دایە.

لەو بارەوە کارین ڕۆدهۆلم پزیشک و پسپۆڕی تایبەت لە بواری دەرمان لە زانکۆی لینشۆپینگی سوید بە ڕادیۆی سویدی وتووە: بەشێکی زۆری کێشەی تووشبون بە بەرزبوونەوەی زەختی خوێن بۆ رژێمی خراپی خۆراکی و نەبوونی جوڵە لە نێو مرۆڤەکان دادەگەڕێتەوە.

جێی ئاماژەیە ئێڕان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ئامار ڕێژەی تووشبوون ومردنی هاوڵاتیانی بە هۆی زەختی خوێن لە دونیا دا هەیە. بە شێوەیەک کە بە پێی ئامارەکانی خودی ئێران ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەی مردن بە هۆی بەرزبوونەوەی زەختی خوێن لە ئێران لەسەدا ٥٥ زیادی کردبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌