کوردستان

ساڵح موسلیم: ئەگەر شەڕ ڕاوەستێت دەوڵەتی تورکیا یەکسەر دەڕووخێت

ساڵحی موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە دەڵێ ئەو هاوپەیمانێتییە شەڕخوازەی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەبات، لەسەر دوژمنایەتیی گەلی کورد بونیات نراوە. بۆیە بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، پێداگری لەسەر شەڕ و خوێنڕشتن دەکات و ئەگەر شەڕ ڕاوەستێت یەکسەر هەڵدەوەشێتەوە.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان لەئەنجامی ستراتیژیی هاوبەشی هاوپەیمانیی ئاکەپە مەهەپە لێکدەداتەوە و دەڵێ: ئەو هاوپەیمانەتییە بۆ دژایەتیی کوردان و لەسەر بنەمای شەڕ دامەزراوە.

ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار وتی: “ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، دەبێ بەردەوام درێژە بە خوێن ڕشتن و شەڕ بدات. چونکە ئەگەر شەڕ ڕاوەستێت یەکسەر هەڵدەوشێتەوە.”

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، ئاماژەی بە بێدەنگیی دەوڵەتی عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە کرد و وتی: “دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی، ئەو شتەی داعش نەیتوانی ئەنجامی بدات، ئەو تەواوی بکات. دەیەوێ کوردان و ئەو هێزانەی پێشەنگایەتیی گەلی کورد دەکەن، لەناو ببات.”

ساڵح موسلیم ڕێککەوتنی نۆی ئۆکتۆبەر لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر شەنگالی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە لە درێژەی پیلانەکانی لەناوبردنی خەڵکی ئێزدی هاتووەتە ئاراوە. لەوبارەیەوە وتی: دەوڵەتی تورکیا دەڵێ ئەو ڕێککەوتنە بە دەستپێشخەریی ئەوان کراوە. بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال نەیهێشت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە هاوکات ڕەخنەی لە بێهەڵوێستیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق گرت و وتی: “حکوومەتی عێراق دەبێ بەرپرسیارەتیی خۆی لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بەجێ بهێنێت. شەنگال بە سەدان کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە. بۆردومانکردنی نەخۆشخانە دژی هەموو یاسا نێودەڵەتییەکانە. بەڵام هەموو کەسێ گوێی خۆی لەئاست ئەو هێرشانە خەواندووە. بێهەوڵێستیی کازمی بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا سەروەریی عێراق پێشێل بکات.”

ساڵح موسلیم هێرشەکانی ئەمدواییەی لەسەر هەرێمەکانی شەنگال، زرکان و تلتەمری لە ئەنجامی ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیا بۆ چۆڵکردنی ئەو هەرێمانە لێکدایەوە. هاوکات ڕەخنەشی لە بێدەنگیی ڕووسیا و ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو هێرشانە گرت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌