ژن

نوژین بێریتان: تەنیا بە بڕیاری ژنان ژن ئازاد دەبێت

نوژین بێریتان، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە چاوپێکەوتێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، سڵاوی ئاڕاستەی تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان کرد و وتی: سڵاو و ڕێزی خۆمان، ئاڕاستەی هەموو ئەو ژن و لاوانە دەکەین، کە لە بەرامبەر هێرشەکانی تاڵیبان و زلهێزەکانی دونیا سەریان دانەنەواندوە و بەردەوام تێکوشانیان کردوە.

وتیشی: ئێمە وەکو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان –کژار،  پشتیوانیی تێکۆشانی بێ وچانی ژنانی ئەفغانستانین و پێی سەربەرزین، کە بەردەوام لە دژی زوڵم، شەقامیان هەڵبژاردووە، ئێمە بەڵێنی ئەوە دەدەین، کە لە هەموو دەرفەتێکدا لە ئاستی کوردستان و دونیا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەیەک لەگەڵ گەلان ئامادەین و تێکۆشانمان لەو هێڵە دا درێژە پێدەدەین.

نوژین، داوادەکات هێزە ئازادییخوازەکان و گەلان هاوکاریی تێکۆشانی گەلی ئەفغانستان بکەن و وتی: داوامان لە هەموو گەلان و هێزە ئازاییخوازەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و کەسایەتییە ئایینەکان ئەوەیە، کە هاوکاری تێکۆشانی گەلی ئەفغانستان بن و چاویان لە ئاست ئەم هێرش و پیلانگێڕییانە دانەخەن و شەرمەزاری بکەن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئامانجی زلهێزەکانی دونیا، لە بردنە دەرەوەی گەل لە ئەفغانستان، هاوکاریی نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی سیستمی سەرمایەدارییە و بۆ بەدەستهێنانی کرێکاری هەرزان، ئەم کارە دەکەن، لەسەرەتا دا هەموو ناسنامە و کەسایەتیی مرۆڤەکان داگیر دەکەن و تێکی دەشکێنن، هەر بۆیە دەبێت شەقام وەکو مەیدانی تێکۆشان، بەردەوام بپارێزرێت.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەڵاتن چارەسەریی نییە و وتی: ژنانی کورد لە گشت هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا دا بوون بە هێمای تێکۆشان، ژنانی ئەفغانییش دەبێت ئەمە بۆ خۆیان بکەنە بنەما، دەبێت خۆیان ڕێکبخەن و چیاکان هەڵبژێرن و سەنگەری شەڕ دروستبکەن، هەتا مافەکانیان بەدەست بهێنن، نابێت هیچ کەس، چاوی لە دەستی زلهێزەکانی دونیا و دەوڵەتانی هەرێمەکە بێ و بە هیچ شێوازێک هەڵهاتن لە وڵات، نابێت بە چارەسەریی.

نوژین، هاوکات داوای لە ژنانی ئێران ئەوەیە، کە ،بەشداریی تێکۆشانی ژنانی کورد بکەن، چونکە لە هاتنە سەر کاری داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، هەتا ئێستا بەردەوام تێکۆشانمان بۆ بە دەستهێنانی ئازادیی و مافەکانمان هەبووە و هەر دەشبێت، هەربۆیە پێویستە دەست بدەینە دەستی یەک و هاوکاریی ژنانی ئەفغانستان بین و نەهێڵین کە داگیرکەری ئەمریکا و عەرەبستان بڕیار لەسەر ژیانیان بدەن، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی سمینار، کۆبوونەوە، خۆپشاندان و خەباتی بێوچانی ڕۆشنبیریی و سیاسیی بڕیاری خۆیان بدەن، چونکە تەنیا ژنانن، کە دەتوانن بڕیاری ئازادیی بۆ خۆیان بدەن.

نوژین بێریتان، ئاماژەی بەوەش کرد: ڕەوشێک، کە ئێستا ژنانی ئەفغانستان لە ناویدا دەژین، لەبەردەم هەموو ئەو ژنانەدایە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دا دەژین و تاکە ڕێگەی چارەسەریی تێکۆشانە، بۆیە هەڵبژاردنی چیا و گوند و شەڕکردن لەدژی ئەو زیهنیەتەی، کە ئێستا لە تاڵیباندا لە دەسەڵاتدایە گرنگە و ژنان دەبێت  ٤٠ ساڵ تێکۆشانی ژنانی کورد و بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ خۆیان بەبنەما بگرن، کە بە سەرکەوتووانە لە دژی داعش و هەموو هێزە داگیرکەرەکان بەڕێوەچوو، ئێمە بڕوامان وایە، کە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ  ژنان بپارێزێت، تاکە ڕێگە پاراستنی ڕەوایە و پێویستە گەل بە هێزی خۆی، خۆی بپارێزێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌