ژن

لە شەش مانگدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ٢٠٠ ژن کوژراون

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەراوردکاری کە ئاژانسی هەواڵی ژینها بڵاوی کردۆتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە حەوت وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە دووسەد ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون. ژماریەکی بەرچاوی قوربانییەکان منداڵن و تەنانەت منداڵی ساواشیان لەناودایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە زیاترین ئاماری کوشتاری ژنان لە تورکیا تۆمار کراوە. لە شەس مانگی ڕابردوودا لەو وڵاتە لانیکەم ١٥٠ ژن بەدەستی باوک، برا یان هاوژینەکانیانەوە کوژراون.

هەر لەو ماوەیەدا لە سووریا زیاتر لە ٢٤ ژن، لە ئوردۆن ١٣ ژن، لە فەلەستین هەشت ژن، لە لوبنان چوار ژن، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نۆ ژن و لە عێراق و باشووری کوردستانیش زیاتر لە دە ژن کوژراون. لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاش ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە.

هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونی ئەو ڕێژەیە بۆ یاساکانی ئەو وڵاتانە یان سیستەمی دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە.

لە تورکیا و باکووری کوردستان، دەسەڵاتی ئیسلامگەرا و نەژادپەرستیی ئاکەپە مەهەپە بە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاماری ئەو تاوانانە دەزانرێت.

لە فەلەستین، تونس، ئۆردۆن، یەمەن و زۆر وڵاتی دیکەی ناوچەکە ئەو پیاوانەی بە پاساوی شەرەف تاوانی ژنکوشتن ئەنجام دەدەن، سزا نادرێن یان سزایەکی قانوونیی کەمیان بۆ دیاری کراوە. بۆ نموونە لە عێراق کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف تەنیا سزای شەس مانگ تا دوو ساڵی بۆ دیاری کراوە کەو ئەو سزایەش دەتوانێ لە لایەن دادوەرەوە کەم بکرێتەوە یان ببەخشرێت. لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش یاساکان بەگشتی پیاوسالارانەیە. لە ئێران، توندوتیژیی دژی ژنان لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکانیانەوە ، زۆربەی کاتەکان سزایەکی ئەوتۆی بۆ دانانرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین تاوانی ژنکوشتن لە ناوچەکانی سەقز، کرماشان و ئیلام ڕوویدا. مانگی ژووەنی ڕابردوو، لە ماوەی یەک هەفتەدا پێنج ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژران.

 هەندێکیان وەک تاوانی کوشتن و دواتر سووتاندنی گوڵاڵە شێخی لەلایەن هاوژینەکەیەوە ویژدانی کۆمەڵگەی هەژاند و ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە.

عێراق و باشووری کوردستان لە ڕووی بەرزبوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، یەکێ لە خراپترین ناوچەکانە. لە دوو مانگی ڕابردوودا تەنیا لە شاری بەسرە شەش ژن کوژران. لە باشووری کوردستان مانگ و هەفتە نییە تاوانی ژنکوژی نەبێتە مانشێتی مەدیاکانی ئەو هەرێمە. دوایین قوربانی ژنێکی گەنج بوو کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن باوکییەوە، بە پاساوی شەرەف درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌