کوردستان

یەکێ لە فەرماندەکانی قەسەدە: “لە بەرامبەر هێرشەکانی پەدەکە لەدژی هەپەگە بێدەنگ نابین”

مەحموود بەرخۆدان فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، قەسەدە، دەڵێ شەڕی نێوان هێزەکانی پەدەکە و گەریلاکانی هەپەگە کارەسات و فەلاکەتی لێدەکەوێتەوە. هاوکات هۆشداریش دەداتە پەدەکە و دەڵێ قەسەدە لە ئەگەری هێرشی ئەوان لەدژی هەپەگە، بێدەنگ نابێت.

مەحموود بەرخۆدان یەکێ لە فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، قەسەدە، هۆشداریی دایە پەدەکە کە ئەگەر بێتوو بە دنەدانی ڕژیمی تورکیا هێرش بکاتە سەر گەریلاکانی هەپەگە، ئەوان بێدەنگ نابن.

مەحموود بەرخۆدان ئەو قسانەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار کرد.

ئەو فەرماندەیەی قەسەدە وتی:”ئێمە نامانەوێ شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی پەدەکە و گەریلاکانی هەپەگە بێتە ئاراوە. هەڵگیرساندنی ئەو شەڕە کارەساتی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئەگەر پەدەکە هێرش بکاتە سەر گەریلا و شەڕەکە هەڵگیرسێنێت. ئێمە وەک قەسەدە بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێ.”

ئەو فەرماندەیەی قەسەدە بە ئاماژەدان بەوەی کە گەریلا ڕۆڵەی ئەو خاک و وڵاتەیە، وتی: ” داوا لە پەدەکە دەکەم نەکەوێتە داوی پیلانە دوژمنکارانەکانی ڕژیمی تورکیاوە و دەست لە ڕەوانەکردنی هێز بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەڵگرێت. تەئکیدیشی کردەوە کە هاوکاریی پەدەکە بۆ داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا دەچێتە چوارچێوەی خیانەتەوە و بە دڵنیاییەوە قەسەدە دژی خیانەت دەوەستێتەوە.”

مەحموود بەرخۆدان هەروەها تیشکی خستە ئەو مژارانەی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدەدا باس کراون. یەکێ لەو مژارانەش بە وتەی ئەو فەرماندەیەی قەسەدە لە کۆبوونەوەکەدا بە تێر و تەسەلەی قسەی لەسەر کراوە، ڕزگارکردنی ئەو هەرێم و ناوچانە بووە کە لەلایەن ڕژیمی تورکیاوە داگیرکراون.

لەو بارەیەوە وتی: “ڕزگارکردنی هەرێمەکانی عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی ئامانجی لەپێشینەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکە.”
مەحموود بەرخۆدان بەبیری هێنایەوە کە قەسەدە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا هەوڵی داوە ببێتە هێزی پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا. بەبێ جیاوازی داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان کردووە. داکۆکیکاری ژیانی هاوبەش و تێکۆشانی هاوبەشی گەلانە. ئەمەشی بە کردەوە نیشان داوە.”

هاوکات هیوای خواست کە ئەزموونی قەسەدە لە تەواوی سووریا دووبارە ببێتەوە. تەئکیدیشی کردەوە کە هێزەکانی سووریا دیموکراتیک بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە سووریا تێدۆکشێت و لەو پێناوەشدا ئامادەی قوربانیدانە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌