کوردستان

گروپێکی سێ سەد کەسی نەژاد پەرستان لە ئەنتالیا هێرشیان کردە سەر خێزانێکی کورد

لەگەڵ ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە سروشتی تورکیا، ئەردۆغان بێبنەمایانە ئۆباڵی ئەو ئاگرەنەیان خستە ئەستۆی کوردان و بەوەش ڕێی بۆ هێرشی نەژاد پەرستان کردەوە و لە ئەنتاڵیا سەدان نەژاد پەرست هێرشیان کردە سەر بنەماڵەیەکی کورد.

شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی ئەلماڵری ئەنتاڵیای تورکیا گروپێکی ٣٠٠کەسی نەژاد پەرستان،هێرشیان کردە سەر خێزانێکی کوردی دانیشتوی ئەو شارە.

لەئەنجامی ئەو هێرشەدا، سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانە کوردە بریندار کراون و نەژاد پەرستەکان پێیان ووتون کە ناوچەکە تورکیایە و نابێت لێی بژین.

ئەو خێزانە کوردە خەڵکی مێردینی باکوری کوردستان بون و بۆ کاری کشتوکاڵیی چونەتە ئەنتاڵیا، لەدوای هێرشی نەژاد پەرستان و بۆ پاراستنی گیانیان، ئەو بنەماڵەیە ماڵەکەیان بەکەلوپەلەکەی ناوییەوە جێ هێشتوە و خۆیان گەیاندۆتە ماڵێکی خزمیان لە ئەنتاڵیا.

لەبارەی ئەو هێرشەی نەژاد پەرستانی تورکیا، پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئەنتالیا، کەمال بولبول،بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، قسەی کردوە و ئاماژەی بەوەداوە لەگەڵ ئەو خێزانەدا قسەیان کردوە و دەڵێت زیانی گیانی نەبوە و ڕەوشیان باشە بەڵام مەترسی لەسەر کوردان لە زیادبون دایە.

ئاماژە بەوەشدەکات پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستگیرکردنی نەژاد پەرستان بێ دەنگن و هیچیان نەکردوە و ڕژێمی ئاکەپە مەهەپە بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.

ئەم هێرشەی نەژاد پەرستانی ئەنتالیا لەکاتیکدایە لە چوار ڕۆژی ڕابردودا خێزانێکی حەوت کەسی کورد لە قۆنیا، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لەلایەن نەژاد پەرستانەوە کۆمەڵکوژکران و تائێستا بکوژان و بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەستگیرنەکراون.لە شار و ناوچەکانی تری تورکیاش بەهەمان شێوە نەژاد پەرستان بازگەیان دانەوە و هاوڵاتیان دەپشکنن و ژیانی کوردان کەوتۆتە مەردەم مەترسی کردەوە نامرۆییەکانی ئەو گروپ و تاقمە نەژاد پەرستانە و ڕژێمی ئاکەپە مەهەپە بێ دەنگی هەڵبژاردوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌