ئێران

سەرباری میلیتاریزەکردنی شارەکان خۆپێشاندان لە ئەحواز و چەند شاری دیکە بەردەوام بوو

سەرهەڵدانەکانی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای میلیتاریزەکردنی شارەکان بۆ چواردەمین ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام بوو. لەلایەکی دیکەوە ئەورووپا، ئەمریکا و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانیان سەرەنجام دوای دوو هەفتە بێدەنگیان شکاند و دژی سەرکوتی پێشاندەران لێدوانیان دا.

خۆپێشاندانی خەڵکی شاری ڕوبات کەریم، لە نزیک تاران. بۆ پشتیوانیی لە سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئەحواز کە دوو هەفتەیە سەرەڕای هەموو سەرکوتکارییەکانی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.

ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا لە ئەحواز و دژی قەیرانی بێ ئاوای دەستی پێکردبوو، بە خێرایی بۆ چەندین شار و هەرێمی دیکەو ئەمجارە لەدژی کۆی سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، گواسترایەوە.

هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم تەواوی شارەکانی هەرێمی ئەحوازیان میلیتاریزە کردووە و چەندین جار لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا هێڵەکانی ئینتەرنێتیان پچڕاندووە.

بەڵام سەرەڕای هەموو سەرکوتکاری و کوشتوبڕەکان، خۆپێشاندانی خەڵکی ناڕازیی هێشتا بەردەوامە. دوایین نموونە شەوی ڕابردوو لە شاری بووستان بوو کە دانیشتووانەکەی جارێکی تر ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕژیمی مەلاکان درووشمیان وتەوە.

هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕانی ماڵ بە ماڵی شار و گوندەکانی هەرێمەکە و ڕەشبگیری خەڵک، بەتایبەت گەنجان کردووە.هەتا ئێستا بە سەدان کەس لە دانیشتووانی هەرێمەکە دەستبەسەر کراون. بەشێکی بەرچاوی دەستبەسەرکراون منداڵن.

تا دوێنێ بەپێی هەندێ ڕاپۆرت لانیکەم دوازدە خۆپێشاندەر لە هەرێمەکانی ئەحواز و لوڕستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەیان کەسی تر بریندار بوون.

یەکێ لە بریندارەکان وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەحواز ڕایانگەیاندووە، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

قوربانییەکە گەنجێکی تەمەن هەژدە ساڵ خەڵکی شاری سووسەنگردە کە لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ فیشەکی هێزەئەمنییەکانی بەرکەوتبوو.

نوێنەرێکی سەربەڕژیمی ئەحواز لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی وتوویەتی ئاگاداری هەژماری کوژراوان، برینداران و دەستبەسەر کراوان نییە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا، دەوڵەتانی ئەورووپایی و ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دوو هەفتە دوای سەرهەڵدانەکان، بێدەنگیان شکاندووە و ڕایانگەیاندووە کە دژی سەرکوتی خۆپێشاندەران دەنگ هەڵدەبڕن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتوویەتی کە وڵاتەکەی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپێشاندەران شەرمەزار دەکات.

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ بەناوی “ئارتیکڵ نۆزدە” هەڵوێستێکی هاوشێوەی دەربڕیوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراونی کردووە. ئەمنستی ئینترناشناڵیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ شەرمەزارکردنی سەرکوتی خۆپێشاندەران بەیاننامەیان بڵاو کردبووەوە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێمنەتانە وڵامی هیچیەک لەو ئیدانەکردن و داواکاریانەی نەداوەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌