ژن

زیلان ڤەژین: سەرهەڵدانەکان نیشانەی ئەوەیە گەل بە ڕاشکاوی دەسەڵات لە ئێران ڕەت دەکاتەوە

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک، دوێنی ئێوارە، بەشداری بەرنامەی هێڵی سێی تەلەفزیۆنی ئاریەن بوو. تەوەرێکی بەرنامە بۆ سەرهەڵدانەکانی ئەمڕۆژانەی گەلانی بندەستی ئێران دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەرخان کرابوو.

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بە بایکۆتی سەرتاسەریی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەلایەن گەلانی ئێرانەوە کرد و وتی: گەلانی ئێران ئەو کات بە بایکۆتی هەڵبژاردنانەکان و ئێستاش بە سەرهەڵدانەکانیان بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن کە سیستەمی ویلایەتی فەقیهه ڕەت دەکەنەوە و داوای دیموکراسی دەکەن.

زیلان ڤەژین هۆکارێکی سەرهەڵدانەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ڕژیمی ئێران لەدابینکردنی سەرەتایی ترین پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەبا بێچارە ماوەتەوە و لە ئاکامی سیاسەتەکانی ڕژیم ژیانی ڕۆژانەی خەڵک تووشی کێشە بووە.

هاوسەرۆکی پژاک تەئکیدی کردەوە کە پێویستە پشتیوانی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئەحواز و هەر هەڵوێستێکی هاوشێوە لەدژی ڕژیمی کۆماری بکرێت. لەوباریەوە وتی: “ئێستا خەڵک پشتگیریی سەرهەڵدانەکان دەکەن. دەبێ ئەو پشتگیریانە زیاتر و بەرفراوانتر بێت.

هاوسەرۆکی پژاک بەبیری هێنایەوە کە هەرێمی ئەحواز هاوشێوەی زۆرێک لە هەرێمەکانی دیکەی ئێران مووزایکی گەلانە و بە ساڵانە عەرەب، لوڕ و فارس پێکەوە لەو هەرێمە دەژین. بۆیە بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ئاڵۆزییەکان تەئکیدی لەسەر پڕۆژەیەکی دیموکراتیک بە بەشداریی هەموو گەلان کردەوە.

زیلان ڤەژین لەو سۆنگەیەوە پڕۆژەی “نەتەوەی دیموکراتیک”ی وەک ئاڵترناتیڤێکی گونجاو بۆ هەرێمەکانی ئەحواز، بەلووچستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران ناو برد و وتی: بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخستنەکانی تێکۆشانی ئازادی وەک کۆدار، کژار و پژاک پڕۆژەی چارەسەرییان ئامادە کردووە و دەتوانرێت کەڵکی لێوەربگیرێت.

هاوسەرۆکی پژاک لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان لەو سەرهەڵدانانە کرد و  ڕایگەیاند: “ژنان زیاتر لە هەموو چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە قوربانیان داوە. زیاترین گوشارەکانی ڕژیم لەسەر ژنان بووە. هەر لەبەر ئەوەشە لەم سەرهەڵدانانەدا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن. ژنان هیچکات لە بەرامبەر زیهنییەتی جنسییەتپەرست و دژەژنی کۆماری ئیسلامی کۆڵیان نەداوە و بوێرانە تێکۆشاون.

زیلان ڤەژین جەختی کردەوە کە تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتیی ژنان لە چوارچێوەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەبینێت و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکات.

هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە هەڵوێستی تێکۆشانی ئازادی لەبەرامبەر سەرهەڵدانەکان وتی: “ئێمە وەک ڕێکخستنێکی ئیدئۆلۆژیک و خاوەن هێزی سیاسی، جەماوەری و سەربازی، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە داخوازییە دیموکراتیکەکانی خەڵک دەکەین و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گەلان هەڵوێستی کردەییمان دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌