ژن کوردستان

هێڤیدار خالید: تێکوشانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا گەیشتە ئەنجام

ڕۆژنامەنووس هێڤیدار خالید لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی “نەوایا ژن” بڵاو بووەتەوە، باسی ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی نۆزدەی جولای ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.

لە وتارەکەدا هاتووە: شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستی پێکرد. دەتوانین بڵێین کە ژنان بۆ پێشخستنی سیاسەتی هێڵی سێیەم، نەتەوەی دیموکراتیک، برایەتیی گەلان و ژیانی هاوبەش ئەرکی یەکجار قورسیان خستە ئەستۆی خۆیان.

هێڤیدار خالید لە درێژەی وتارەکەدا نووسیویەتی: ژنان لە تەواوی شار و هەرێمەکان ناوەندە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خۆیان کردەوە. لەو ڕێگەیەوە توانیان داکۆکی لە مافەکانیان بکەن، خۆیان پەروەردە بکەن و ببنە خاوەن بڕیار. ژنان بۆی ئەوەی بتوانن مافە سیاسییەکانیان دەستەبەر بکەن و دەنگی خۆیان و شۆڕشی ڕۆژئاوا بگەیەننە جیهان، لە تێکۆشانی بەردەوامدان. هەموو ئەو دەستکەوتە سیاسی و سەربازیانەی ژنانی ڕۆژئاوا بەدەستیان هێناوە، بەرهەمی تێکۆشانی ماندوونەناسانە و قوربانیدانی سەدان ژنی گەنجە.

نووسەر هەروەها باسی کاریگەریی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر گۆڕینی زیهنییەتی کۆمەڵگە کردووە. لەم بەشەی وتارەکەدا هاتووە: شۆڕشی نۆزدەی جولای لەدژی ئەو زیهنییەتە تەژی ترس و خۆفەی ڕژیمی بەعس لە دڵی خەڵکدا چاندبووی، ڕاوەستا و پێشەنگایەتیی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی ئازادیخوازی کرد. شۆڕشی نۆزدەی جولای سەلماندی کە جڤاک دەتوانێ خۆی بەڕێوە ببات و پێویستی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی نییە.

لە بەشێکی تری وتارەکەدا ئاماژە بەو و مەترسیانەکراوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی بووەتەوە. لەم بەشەی وتارەکەدا هاتووە: شۆڕشی نۆزدەی جولای لە نۆ ساڵی ڕابردوودا بەرەنگاری ئاستەنگی دژواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسی بووەتەوە. لە سەرەتای ڕاگەیاندنی شۆڕشەوە تائێستا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیرادەی گەلانە. بەڵام سەرەڕای پەلامار و هێرشی دژواری ڕۆژانە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر توانیوەیەتی خۆی بپارێزێت و داکۆکی لەو بەهایانە بکات کە بە خوێنی شەهیدان بەدی هاتووە.

هێڤیدار خالید لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا نووسیویەتی: بە کورتی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ شۆڕشی ڕۆژئاوا، زیاتر لەوەی شۆڕشێکی چەکداری لەبەرامبەر هێزە پاشڤەڕۆکان بێت، ڕێنێسانسێکی کولتووری، جڤاکی، ئابوور و سیاسییە. شۆڕشی داکۆکیکردن لە زمانەجیاوازەکان و مافی سەرجەم پێکهاتە، دین و ئاینەکانە. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، یان شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەم تایبەتمەندیانەی لە تەواوی جیهان دەنگی داوەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌