ئێران

کۆڕۆنا لە بەلووچستان؛ ڕەوشی هەرێمەکە سنووری کارەساتی تێپەڕاندووە

ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی پەتای کۆڕۆنا هەرێمی بەلووچستانی گرتووەتەوە. لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار کەس تووشی جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبن و بە دەیان کەس گیانیان لەدەست دەدەن، کاربەدەستانی تەندرووستیی هەرێمەکە لەباتی ئەوەی وڵامدەر بن، بوونەتە موددەعی.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کەسی دیکە تووشی کۆڕۆنا بوون و لانیکەم ٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە. هەندێ زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە هەرێمی بەلووچستان بە چوار ملیۆن حەشیمەتەوە لەگەڵ ڕێژەی پاکستانی ٢٢٠ ملیۆن حەشیمەتی یەکسانە.

کارەساتەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت دەنگی نوێنەرانی هەرێمیی ڕژیم لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیشی دەرهێناوە. ئیسماعیل حوسێن زەهی، نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕژیم بۆ شاری خاش ڕەخنەی توندی لە کاربەدەستانی تەندرووستیی هەرێمەکە گرتووە. بەگوتەی حوسێن زەهی، ڕەوشی بەلووچستان سنووری کارەساتی تێپەڕاندووە.

پێشتریش نوێنەرانی هەرێمی بەلووچستان، دوای بڵاوبوونەوەی جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لەو هەرێمە هۆشدارییان دابوو.

زیاترین ڕەخنەکان لەوەیە کە ڤاکیسینەکردنی خەڵکی هەرێمەکە هیچ هاوسەنگییەکی لەگەڵ ڕێژەی تووشبووانی کۆڕۆنا نییە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌