کوردستان

خۆبەڕێوبەریی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات چارەنووسی ٣ ئەندامی ڕفێندراویان لە هەولێر ڕوونبکاتەوە

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی خۆبەڕێوبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە چارەنووسی سێ لە نوێنەران و ئەندامانی پەیەدە ڕوونبکاتەوە کە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە لایەن  هێزەکانی پەدەکە لە هەولێر ڕفێندراون.

ئەو سێ کەسە بریتین لە مستەفا عوسمان نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە ڕفاندنی ئەو کەسانە و نادیاربوونی چارەنووسیان هاتووە: ئەم هەڵسوکەوتە، دەرەوەی بەها و پێوانە دیپلۆماتییەکانە، هەروەها دەرەوەی بەها نیشتمانییەکان و تێکۆشانی هاوبەش بۆ پرسی کوردە.

لە بەردەوامییدا هاتووە: وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەریی، ڕامانگەیاند، کە لایەنی ئەمنیی و حکومەتی هەرێم بەرپرسن لە چارەنووسی ئەو کەسانە، ڕاشیدەگەیەنین کە نیگەرانین لە مەترسیی سەر چارەنووسیان، چونکە شوێنێ ڕاگرتنیان تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، هەروەها هیچ وەڵامێکی فەرمیی لەسەر هۆکاریی یاسایی بۆ گرتنیان بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە.

لە کۆتاییشدا جەخت لە سەر ئازاد کردنی ئەو سێ کەسە کراوە و هاتووە: داوا لە لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکارییمان بکەن و فشار بخەنە سەر پەدەکە و حکومەتی هەرێم تا شوێنی ڕاگرتنی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت و دەرفەت بە خانەوادەکانیان بدرێت سەردانیان بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌