کوردستان

ئارام فەتحی لە گرتووخانەی ئیتلاعات ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی بووەتەوە

ئارام فەتحی شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵی مەریوان چەند ڕۆژ لەمەوبەر، بۆ چەندەمین جار لەسەر یەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە قۆڵبەست کرا. بنەماڵەکەی دەڵێن لە زیندان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی ڕۆحی و دەروونی بووەتەوە.

ئارام فەتحی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەریوان قۆڵبەست کرا.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئارام فەتحییان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی مەریوان گواستراوەتەوە. ئارام فەتحی بەهۆی نەخۆشییەوە چارەسەریی پزیشکی وەردەگرێت.

کاتێ کە دایکی دەرمانەکانی ئارامی بۆ بردووەتە زیندان، ڕێگەی پێنەدراوە ملاقاتی لەگەڵ بکات و هێزە ئەمنییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە خۆمان دەرمانەکانی پێدەدەین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئارام دوێنێ تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێشتا لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەرە و بۆ هیچ شوێنێک نەگواستراوەتەوە. هەروەها دەرمانەکانیشی پێنەدراوە.

بنەماڵەی ئارام فەتحی دەڵێن، بێبەش کردنی کوڕەکەیان لەو دەرمانانە، مەترسی لەسەر گیانی درووست دەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌