ژن

لیدا ڤیەرتس ژنە خەباتکاری: لە جەنگدا زۆرترین ئازار و سەختی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە

لیدا ڤیەرتس، یەکێ لە ئەندامانی شاندی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، ئاماژە بەو زیانانە دەکات کە لە ئەنجامی جەنگ و داگیرکاریی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە. ئەو کە ئێستا لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە لە باشووری کوردستانە، هەروەها دەڵێ پاش ڕۆشتنەوەیان کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان ژنانی کورد و ژنانی وڵاتانی جیهان دەکەن.

لیدا ڤیەرتس خەڵکی وڵاتی هۆڵەندایە و لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دادەنیشێت. ئەو ژنە خەباتکارە ئەندامی ڕێکخراوێکی کوردیی شاری ئۆسلۆیە کە بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان کار دەکات. هەروەها وەک ئەندامێکی شاندی ئاشتی بەشداری کار و چالاکییەکان بووە و دژی داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا سەردانی باشووری کوردستانی کردووە.

لیدا ڤیەرتس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵ ژنها دووپاتی کردەوە کە ئەوان هاتوونەتە کوردستان بۆ ئەوەی هاوسۆزیی خۆیان بۆ هاوڵاتیانی کورد دووپات بکەنەوە و هەوڵ بدەن ڕێگریی لە جەنگ و داگیرکاریی کوردستان بکەن.

لیدا ڤیەرس وتی: “ئامانجی من لە سەردانیکردنی کوردستان ئەوەیە ئەو بارودۆخەی لە باشوور دەگوزەرێت و شەڕ و داگیرکارییەکانی تورکیا نیشانی جیهانی بدەم. تورکیا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژێت و ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکات. بەڵام هیچ کەس هەڵوێست نیشان نادات. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی نیشانی کوردانی بدەین کە پاڵپشتی لە خەڵکی باشوور دەکەین.”

ئەو چالاکوانە هۆڵەندییە سەبارەت بە زیانەکانی جەنگ بەتایبەت لەسەر ژنان ڕایگەیاند: “لە جەنگەکاندا ژنان زۆرترین ئازار دەچێژن. هەمیشە ئەوە پیاوەکانن شەڕ هەڵدەگیرسێنن و نایوەستێنن. ئەمەش ژنان ڕووبەڕووی سەختییەکی زیاتر دەکاتەوە.”

لیدا ڤیەرتس تەئکیدی کردەوە کە ژنان دەبێ لە پێناو نەوەکانی داهاتوو دژی جەنگ و کاولکاری و داگیرکاریی هەڵوێستیان هەبێت. لەوبارەیەوە ڕوو لە ژنانی کورد وتی: “داوا لە ژنانی کورد دەکەم چیتر بێدەنگ نەبن و تەنها لە چێشتخانەی ماڵەکانیان نەمێننەوە و دژی داگیرکارییەکان دەنگ بەرز بکەنەوە.”

دووپاتیشی کردەوە کە ئەو وەک ئەندامێکی شاندی ئاشتی دوای گەڕانەوەی بۆ ئەورووپا، هەوڵ دەدات دەنگی گەلی کورد بە گوێی جیهان بگەیەنێت. لیدا ڤیەرتس وتی: “پاش گەڕانەوەم پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی ژنانی وڵاتەکەم دەکەم و دەربارەی ژنانی کورد قسەیان لەگەڵ دەکەم. باسی ڕووداوەکانی کوردستانیان بۆ دەکەم و دۆخی ئێرەیان بۆ ڕوون دەکەمەوە. کاردەکەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵەیەکی تایبەت بە کوردان. هەوڵ دەدەین ئەو بارودۆخانەی لە کوردستان دەگوزەرێت نیشانی جیهانی بدەین.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌