جیهان

ساڵی ڕابردوو ئاماری کۆچبەرانی جیهان لە ٨٢ ملیۆن کەس تێپەڕی

ئەمڕۆ ڕۆژیی جیهانیی پەنابەرانە. بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو سەرەڕای پەتای کۆڕۆنا ئاماری جیهانیی پەنابەران و کۆچبەران لە ٨٢ ملیۆن کەسی تێپەڕیوە.

ئەمساڵ لە حاڵێکدا پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دەکرێت کە بە ملیۆنان کەس لەسەرتاسەری جیهان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، زۆربەیان بەهۆی زوڵم و زۆرداریی حکوومەتەکان ئاوارەی هەندەران دەبن.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری کۆچبەران، دەوڵەتانی ئەورووپایی، ئۆسترالیا و ئەمریکا کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سنوورەکانیان توند دەکەن و درگای وڵاتەکانیان لەسەر پەنابەران دادەخەن.

ساڵانە بە دەیان هەزاران کەس، ژن و منداڵیس لە ناویاندا بۆ ئەوەی بگەنە کەنارێکی ئارام، ڕێگەی دەریاکان دەگرنە بەر و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. ساڵانە سەدان کەس لەو رێگە پڕمەترسیانەدا گیانیان لەدەست دەدەن.

نموونەی هەرە دوایی بنەماڵەی ئێران نەژاد، ئەو بنەماڵە کوردە سەردەشتییە بوون کە لە ئاوەکانی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیادا خنکان. تەرمی، ئارتین ئێران نەژاد، کوڕە پازدە مانگەکەیان ماوەیەک لەمەوبەر دوای سێ مانگ، لە کەنارەکانی وڵاتی نەرویژ دۆزرایەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، دیاردەی کۆچی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پەرەی سەندووە. لە باکوور و ڕۆژهەڵات ستەمی دەوڵەتە داپڵۆسێنەرەکان، لە باشوور و ڕۆژئاواش هێرش و داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا هۆکاری سەرەکیی ئاوارەبوونی کوردانە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌