ژن

کەژار: دیاری رژێمی ئیران بۆ ژنان و جەوانان تەنیا کوشتن و لە سێدارە دان بووە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار، لە درێژەی ئەو پێرسپێکتیڤەی بەبۆنەی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانەوە بڵاوی کردۆتەوە، داوای لە خەڵک کردووە لەباتی سندووقەکانی دەنگدان بچنە سەر شەقامەکان و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن

کەژار لە درێژەی ئەو پێرسپێکتیڤەی سەبارەت بە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بڵاوی کردۆتەوە ڕایگەیاندووە: “بەوپێیەی بنەمای یاسادانی ڕژیم لەسەر بنەمای زیهنییەتی جنسییەتگەرا، دینپەرست و ڕەگەزپەرست بونیات نراوە و بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراوە، گەلان، چین و توێژەکان و جڤاتە فەرهەنگی و فکرییەکان ناتوانن ئیرادەی خۆیانی تێدا وێنا بکەن. هەر لەبەر ئەمەشە لە سیستەمی ڕژیمی ویلایەتی فەقیهدا، ژنان و گەنجان بێجگە لە کوشتوبڕ و ئێعدام هیچ دەستکەوتێکی تریان نەبووە.

کەژار بە ئاماژەدان بەوەی کە هەتا ژنان لە تەواوی بوارەکاندا ئامادە نەبن, گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کۆمەڵگە نایەتە ئاراوە، ڕایگەیاندووە: “ڕژیمی پیاوسالاری ئێران تەواوی بوارەکانی ژیانیان خستووەتە خزمەتی خۆیانەوە. تەنیا بەرپرسیارەتیان بە ژنانێک داوە کە داکۆکی لە عەقڵیەتی پیاوسالاریی کۆمەڵگە دەکەن. بۆیە بێجگە لە ڕەوایەتیدان بە سیاستی دژەژنیی ڕژیم هیچ ڕۆڵێکی تریان نەبووە. بە واتایەکی تر ڕژیم لە ڕێگەی ئەو ژنانەوە هەوڵی داوە، هەست، دیدگا و زیهنییەتی ژنان بێکاریگەر بکات. ئەمەش نموونەیەکی ئاشکرای دیکەی سڕینەوەی سیاسەت، ژن و کۆمەڵگەیە.

کەژار لە کۆتایی پێرسپێکتیڤەکەیدا ڕایگەیاندووە: “گەلانی ئێران هەمیشە نیشانیان داوە کە خوازیاری دیموکڕاسیی حەقیقین و ڕژیم لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوویدا نەیتوانییەوە ئەم ویستەیان بەدی بهێنێت. بۆیە چاوەڕوانیی هیچ فریادڕەسێک نین و دەیانەوێت لەمەودوا خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەمەش هەمان دینامیزمی خۆبەڕێوەبەڕیی کۆمەڵگەیە.

کەژار لەو سۆنگەیەوە تەئکیدی کردۆتەوە ژنان و گەنجان نابێ ڕێگە بدەن ئیرادەیان لەلایەن ڕژیمەوە زەوت بکرێت. بەڵکوو دەبێ بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاد تێبکۆشن. ئەمەش نەک لەسەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵکوو لە شەقامەکان مەیسەر دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌