ئێران

ڕامین گارا: هەڵبژاردنی ئەمجارە شەڕی نێوان کۆمەڵگە و ڕژیمی دەسەڵاتخوازە

ڕامین گارا لە وتارێکدا خولی سێزدەیەمی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانی وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە شەڕی نێوان کۆمەڵگە و ڕژیمی دەسەڵاتخوازی مەلاکان ناو بردووە. نووسەری وتارەکە ڕایگەیاندووە بایکۆتی سەرتاسەریی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگە خوازیاری گۆڕینی ڕادیکاڵی ڕژیمە.

ڕامین گارا لە وتارێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری بایکۆتی سەرتاسەریی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریان داوە، سەرهەڵدانی جەماوەریی وەک تەواوکەری بایکۆت لێکداوەتەوە.

لە وتارەکەدا کە لەسەر سایتی فەرمیی پژاک بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: “خولی سێزدەیەمی هەڵبژاردنەکان لەم ڕوانگەیەوە کە ئاخۆ دەبێتە هۆی گۆڕینی بنەڕەتی یاخود بەردەوامیی دەسەڵاتی چل ساڵەی ڕژیمی مەلاکان خاڵێکی وەرچەرخانە. بێگومان ئەم خولە تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویش کە سەرهەڵدانی بەربڵاوی گەلی لێکەوتەوە، هەستیارترە.”

لەو ڕوانگەیەوە نووسەری وتارەکە هەڵبژاردنی ئەمجارەی لە هەموو کات زیاتر بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە ناو بردووە.

لە درێژەی وتارەکەدا نووسراوە: “بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین ئێستا ئیتر کۆمەڵگەی ڕادیکاڵ و ناڕازیی ئێران بەپێچەوانەی ئیدعاکانی ڕژیم لە هەمووکات زیاتر بەرەو تەقینەوە دەچێت. خۆپێشاندانی ڕۆژانەی کرێکاران، ژنان، گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان سەلمێنەری ئەمەیە کە شەقام خەریکە دەبێتە ستراتیژیی سەرەکیی کۆمەڵگە.”

لە بەشێکی تری وتارەکەدا باسی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروبەندی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان کراوە.
لەم بەشەی وتارەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژی و سەرکوتی ڕژیم خراپتر لە جارانە، هاتووە: “ئێستا ئیتر بۆ ڕژیم ستراتیژیی سەرکوت و کۆمەڵکوژیی گەلی کورد لە هەڵبژاردن گرینگترە. بۆیە تەنانەت لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بە ئاشکرا هەڕەشە لە کوردان دەکات و دەیانخاتە زیندانەوە.”

ڕامین گارا لە درێژەی وتارەکەدا بەم دەرەنجامە گەیشتووە کە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران تەنیا بایکۆتی هەڵبژاردن بەس نییە. بەڵکوو پێویستە بە یەکەوە درووشمی “نا بۆ ئێعدام و بەڵێ بۆ دیموکراسی” بەرز بکەنەوە و گۆڕەپانی خەبات بۆ ناو شەقامەکان بگوازنەوە.”

لە وتارەکەدا هاتووە: “هەڵبژاردنی ئەمجارە بووەتە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی شەڕی نێوان کۆمەڵگە و ڕژیم. دەنگی گەلانی ئیران “نا بۆ ڕژیم و نا بۆ کۆمەڵکوژییە. بۆیە پێویستە تەواوی حیزب و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی ڕژیم ئەم دەنگە ببیستن و جیا لە بایکۆتی هەڵبژاردن، لە شەقام و هەموو بوارەکانی دیکەش پێشەگایەتیی کۆمەڵگە بکەن. کۆمەڵگە لە هەموو کات زیاتر ئامادەی سەرهەڵدانە.”

ڕامین گارا لە کۆتایی وتارەکەیدا هەڵوێستی پژاکی لەمبارەیەوە بەبیر هێناوەتەوە و نووسیویەتی: ” پژاک ستراتیژیی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ گەیشتن بە ئازادی هەیە. ئەم ستراتیژییە بە گەمەی هەڵبژاردنەکانەوە نەبەستراوەتەوە. هەر لەم چوارچێوەشدایە درووشمی “بایکۆتی ڕادیکاڵ”ی بەرز کردۆتەوە و خۆی بۆ هەڵمەتی شۆڕشگێڕانە، ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانە ئامادە کردووە.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌