کوردستان

مانگرتن و ئیشکگرییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگری لە ئیمرالی بەردەوامە

بە سەدان گیراوی سیاسیی دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی ڕژیمی تورکیا ماوەی ١٩٥ ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن گرتووە.

داواکاریی سەرەکیی ئەوان کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالانە. مانگرتووان پێداگرن لەسەر ئەوەی هەتا سیستەمی گۆشەگیریی ئیمراڵی تێکنەشکێت و ڕێبەرەکەیان ئازاد نەکرێت، دەست لەو چالالاکییە هەڵناگرن. ئەوان هەروەها خوازیاریی کۆتایی هاتنی ئەو گوشارانە و ئەو پێشێلکاریانەن ڕژیمی تورکیا دژی زیندانیانی سیاسیی پەیڕەوی دەکات.

دایکانی گیراوانی مانگرتووش لە دەرەوەی زیندانەکان لەگەڵ ئەوەی پەرۆشی ڕۆڵەکانیانن، پشتگیریی تەواوی داوا ڕەواکانیان دەکەن. ئەوان دەڵێن بۆ ئەوەی مانگرتنی منداڵەکانمان کۆتایی پێبێت پێویستە دەوڵەت گوێ لە داخوازییەکانیان بگرێت. بۆ ئەو مەبەستەش بە ئەرکی خۆیان دەزانن ئەمانیش دژی سیاسەتی زەخت و زۆری ڕژیم لەناو زیندانەکان دەنگهەڵبڕن.

ئەو دایکانە کە زیاتر لە ساڵێکە بەبیانووی کۆڕۆنا، نەیانتوانیوە چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت، گلەیی ئەوەیان هەیە بەگوێرەی پێویست دەنگی مانگرتووان نابیسترێت.

یەکێ لەو دایکانە بە ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیای وتووە: وەک بڵێی دەنگیان بە کەس ڕاناگات. دەوڵەت گوێ بە ڕەوشی ئەوان نادات. ئەوندە فرمێسکمان هەڵوەراندووە، چاوەکانمان وشک هەڵاتووە.

ئەو دایکە دڵ پڕ زووخاوە، دەڵێ وەرن با هەموومان پێکەوە بۆ خاوەنداری لە داخوازیی مانگرتووان بچینە بەر درگای زیندانەکان دانیشین.

دایکێکی تریش دەڵی کەسمان نابێ بێدەنگ بین. بێدەنگی ناحەقییەکی گەورەیە دەرحەق بە مانگرتووان. دەبێ لەدژی ئەو زوڵم و زۆردارییە بەرامبەر ڕۆڵەکانمان پەیڕەو دەکرێت، دەنگ هەڵبڕین.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاریی بنەماڵەی گیراوانی سیاسیش تەئکید دەکاتەوە کە کاتی ئەوەیە دایکانی کورد هەموویان، دەست بدەنە دەستی یەکتر ببنە هاواری مافخوازیی منداڵەکانیان.

لە کەمپەکانی شەهید ڕۆستەم جوودیی مەخموور و لاڤریۆی یۆنانیش بۆ پشتگیریی لە داخوازییەکانی مانگرتووانی زیندانی دوو چالاکیی هاوشێوە بەڕێوە دەچن. ئەم دوو چالاکییەش وەک چالاکیی ناو زیندانەکان بەشێوەی دەرەوەیی بەڕێوە دەچێت. چالاکییەکەی مەخموور ١٧٤ ڕۆژ و چالاکییەکەی کەمپی کاڤریۆی یۆنان ١٥٦ ڕۆژە بەردەوامە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌