کوردستان

مەزڵووم حەفتەن: پێشمەرگە بە کردەوەش شەڕی داگیرکەر نەکات بە دڵ لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلایە

مەزڵووم حەفتەن بەرپرسی پەیوەندییەکانی پژاک و کۆدار لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمدواییەی هەرێمی مەتینا ئاماژەی بەوە کرد هەپەگە بە فەرمی داوای کردووە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە ڕووداوە بکرێت. لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگەش جەختی کردەوە کە پێشمەرگەی باشوور ئەگەر بە کردەوەش دژی داگیرکەر شەڕ نەکات، بە دڵ لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلایە.

دکتور مەزڵوم حەفتەن بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆدار و پژاک لەبارەی داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا، تاڵانکردنی ژنیگە و ڕووداوەکانی ئەمدواییەی مەتینا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز کرد.
مەزڵوم حەفتەن لە سەرەتای قسەکانیدا دەستنیشانی کرد کە ئەوەی تورکیا دەیکات هەم داگیرکارییە هەم تاڵانکاری. لەو بارەیەوە هەڵوێستی ئاشکرای ئەردۆغانی بەبیرهێنایەوە و وتی: “ئەردۆغان لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەیەکی نیشاندا کە لە عەفرینەوە تا سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دیاری کردبوو. لەوێ بە ئاشکرا ڕایگەیاند بەنیازی داگیرکردنی ئەم ناوچانەن. پیلانێکیان بۆ کۆتاییهاتنی پەیمانی لۆزان هەیە. دەڵین دەمانەوێ عوسمانیی نوێ دروست بکەین. نیازی ئەوەیان هەیە لەسەر بنەمای میساقی میللی ویلایەتەکانی مووسڵ و کەرکووک داگیر بکەن.”

مەزڵووم حەفتەن پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیاشی لەو چوارچێوەدا لێکدایەوە. هەر لەو سۆنگەیشەوە هۆشداریی دا کە وەک چۆن سەد ساڵ لەمەوبەر گەلی ئەرمەنی کۆمەڵکوژ کرا، ئێستاش دەیانەوێ گەلی کورد و گەلانی بندەستی هەرێمەکە کۆمەڵکوژ بکەن.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆدار و پژاک لە بەشێکی تری قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکەی مەتینا وتی: “سەبارەت بەو ڕووداوە هەپەگە داوای کردووە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دەمانەوێ ئەوە بزانرێت کە ئێمە هیچ کات ڕووی چەکمان لە پێشمەرگە ناکەین. پێشمەرگە برای ئێمەن. پێشمەرگە ڕەمزی سەرکەوتنی وڵاتەکەمانن. هەڤاڵانی ئێمەش دڵنیان لەوەی کە پیشمەرگە شەڕی برای خۆی ناکات. ئەوەش دەزانین کە ئەگەر پێشمەرگە ئەمڕۆ بە کردەوە دژی داگیرکەر شەڕ ناکات بەڵام لە دڵەوە لەگەڵ ئێمەیە. لەوانەیە هەندێک دەسەڵاتدار و کاربەدەست بۆ بەرژەوەندیی بازرگانی، کاتی و بنەماڵەییان لەگەڵ داگیرکەران، هەندێ فەرمانیان پێبکەن، بەڵام پیویستە پیشمەرگە هۆشیار بێت و سیمبوڵبوونی خۆی بۆ گەلی کورد بپارێزێت.”

بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆدار و پژاکی سەبارەت بە هەڵوێستی تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی ڕۆژهەڵاتیش وتی: وەک بزوتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دژی هەموو چەشنە، زوڵم و داگیرکارییەکین. ئێران بێت یان تورکیا بۆ ئێمە جیاوازیی نییە. داواشمان لە گەلەکەمان ئەوەیە کە زیاتر هەڵوێست نیشان بدەن و دەڵێین ئەمڕۆ ڕۆژی سەرەنجامە. لە دۆخێکداین ناتوانین بڵێین، با بۆ سبەی بێت. ئەمڕۆ ئیتر داگیرکەر چەقۆی ناوەتە سەر ملی گەلی کورد. بەشداربوونی گەنجان و سەرهەڵدانی گەل، زۆر شت دەگۆڕێت.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌