کوردستان

مستەفا قەرەسوو: پەدەکە بە ناردنی هێز بۆ هەرێمەکانی گەریلا دەیەوێ بە هانای سوپای داگیرکەری تورکیاوە بچێت

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەڵێ لە کاتێکدا ڕژیمی تورکیا لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا شکستی هێناوە، پەدەکە بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەیەوێ لەو شکستە قوتاری بکات.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، شەوی ڕابردوو بەشداری بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی “مەدیا خەبەر” بوو. لە بەرنامەکەدا بابەتی بەرخۆدانی گەریلا و هاوکارییەکای پەدەکە لەگەڵ ڕژیمی داگیرکەری تورکیا تاوتوێ کرا.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد بەگشتی ڕووبەڕووی زەخت و گوشاری لە ڕادەبەدەر بووەتەوە و سیاسەتی قڕکردن لەدژی پەیڕەو دەکرێت. گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالانیشی لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاند و وتی: “بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر گەل، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ توندتر دەکەن.”

مەستەفا قەرەسوو لەو سۆنگەیەوە کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی وەک زامنی ئازادیی گەلی کورد ناو برد و تەئکیدی کردەوە کە تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری و خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بەر لە هەموو شتێک بە واتای خەبات لەدژی قڕکردن و پیلانگێڕیی دێت.”

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا تیشکی خستە سەر جموجۆڵەکانی پەدەکە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و وەک بەشێک لە کۆنسێپتێ شەڕی ڕژیمی داگیرکەری تورکیا لێکیدایەوە.

مستەفا قەرەسوو وتی: “تورکیا و پەدەکە پێکەوە پلانیان بۆ هێرشەکان داناوە. رۆڵێک بە پەدەکە و رۆڵێک بە تورکیا دراوە. پەدەکە گەمارۆ دەدات و دەبێتە سندان. تورکیاش هێرش دەکات و دەبێتە چەکوش. لە پشت ئەوانیش هێزە نێودەوڵەتییەکان هەن. دەیانەوێت بەو شێوەیە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان پاکتاو بکەن.”

مستەفا قەرەسوو تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا دژی داگیرکارییەکانی ڕژیمی تورکیا و ڕایگەیاند کە سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا شکستی هێناوە و ناتوانێت پێشڕەوی بکات. بۆیە ئێستا پەدەکە بە گەرمارۆدانی هەرێمەکانی گەریلا بەهانایەوە چووە و هەوڵدات ئەو سوپایە ڕزگار بکات.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وتی: “ناتوانن شەڕی گەریلا بکەن. هێزی تایبەتی پەدەکەیان هێناوە و لەژێر پاراستنی فڕۆکەکانی تورکیا پیشڕەوی دەکەن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت پەدەکە لە پاڵ تورکیا بەشداری ئەم شەڕە بووە. ئەمە بۆ بزوتنەوەی ئازادیی دۆخێکی جدییە. نە لەلایەن ئێمەوە و نە لەلایەن گەلی کوردەوە قبووڵ ناکرێت. مێژووش قبوڵی ناکات.”

مستەفا قەرەسوو لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداریی دایە پەدەکە کە دەست لەو هەڵوێستانەی هەڵگرێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە. قەەرەسوو وتی: “با لە کاتێکدا ئێمە شەڕی داگیرکەر دەکەین، پەدەکە خۆی نەخاتە ناو ئەم شەڕەوە. دەمانەوێ هەموو هێزە سیاسییەکان ئەمە بزانن.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌