جیهان

ئەمریکا، ئەرووپا و ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕژیمی مەلاکان دردۆنگن

لەلایەک ئەمریکا، ئەورووپا و تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە گومانەوە باس لە گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی ڕێککەوتنامەی بەرجام دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی دەیەوێ وای نیشان بدات کە گفتوگۆکان پێش وادەی کۆتایی کابینەکە دەگاتە ئەنجام.

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنگرەی ئەمریکا جارێکی تر ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دڵنیا نییە لەوەی تاران بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی ناو ڕێککەوتنامەی بەرجام.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات هۆشداریی دا کە ئەگەر بە زووترین کات ڕێککەوتنامەکە کارا نەکرێتەوە، ئەوا توانای ئێران بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی تا چەند مانگی تر دەگاتە خاڵی یەکلاکەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕافایەل گرووسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ڕایگەیاندووە کە ئێران سەبارەت بە سەرچاوەی ئۆرانیۆمی پیتەندراو لە هەندێ سایتی نهێنیی ئەو وڵاتە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانس ناداتەوە.

هاوکات، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش داوای لە ڕژیمی ئێران کردووە بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنامەکە هەوڵی زیاتر بدات. ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا سێ ئەندامی ئەورووپایی گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی بەرجامن. چین و ڕووسیا دوو وڵاتی دیکەی بەشدارن و ئەمریکاش بەشێوەی ناراستەوخۆ بەشداری دەکات.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی ئیدعای کردووە کە ئەوان هەوڵ ئەدەن پێش وادەی کۆتایی هاتنی ئەو دەوڵەتە گفتوگۆکانی بەرجام بگەیەننە ئەنجام.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌