ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نوردیک مانیتۆر: ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان ئەندامی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانە

گۆڤاری ئینتەرنێتی نوردیک مانیتۆر، کە بە دوو زمانی ئینگلیزی و تورکی بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە، لە ڕاپۆرتێکدا، نهێنیی پەیوەندیی ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورکی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، ئاشکرا کردووە.

نوردیک مانیتۆر ئاشکرایدەکات کە عەتا شەنلینگچی بەڕێوبەری بەشی لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان و تەکنۆلۆژیای دامەزراوەی سەرۆک کۆماریی تورکیا کە هاوکات ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغان و مامۆستای زانکۆش بووە، ئەندامی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانە.

سەرچاوەکە باس لەوەدەکات کە بەشی لێکۆڵینەوەی گەشەپێدان و تەکنۆلۆژیی دامەزراوەی سەرۆک کۆماریی تورکیا، بەشێکی گرنگی دەوڵەتی تورکیایە کە لەسەر گەشەدان بە بنەما سەربازییەکان بڕیاردەدات و هاوکارە لە پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتە.

گۆڤارە ئینتەرنێتییەکە، ئاشکرایدەکات، عەتا شەنلینگچی کە تەمەنی ٥٨ ساڵە، لە ساڵەکانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ لە ڕێگەی چاودێریی یاساییەوە تەلەفۆنەکانی کۆنترۆڵ کراوە و دەرکەوتووە کە ئەندامی فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانە و لەگەڵ حەسەن شەعبانی کارگێری فەرهەنگیی سەرکۆنسۆڵگەریی ئێران لە ئیستەنبوڵ کاریکردووە، کە شەعبانی خۆشی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە سوپای قودس لە پۆلیسی تورکیا لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

ئاشکراشیدەکات، ئەو کاتەی شەنلینگچی لە زانکۆی ئیستەنبوڵ مامۆستا بووە، هەوڵیداوە تا بە هاوکاریی حەسەن شەعبانی، کورسی ئێران دابمەزرێنێت و لە ڕێگەی ئەو کورسەوە دەیان خوێندکاری زانکۆکە لەژێر ناوی بەرنامەی کلتوری و پەروەردەیی کە بۆدجەکەی لەلایەن دەسەلاتی ئێرانەوە دابین دەکرێت، وەک ئەندامی فەیلەقی قودس وەرگرن.

سەرەڕای ئەمە، گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوەدەکات کە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لەم ئەندامەی سوپای قودس هیچکات نەگەیشتووەتە قۆناغی دادگایی کردن و بە دەستێوەردانی ئەردۆغان، لە شوباتی ٢٠١٤ـدا لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسییەیەدا ڕاگیراوە.

نوردیک مانیتۆر ئاشکراشیدەکات، کە دادوەری لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی عەتا شەلینچی، پیش ئەوەی دەرفەتی هەبێت فەرمانی زیندانی کردنی بۆ دەربکات لەکار دوور خراوەتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی نوردیک مانیتۆر، هاتووە: شەلینجی بە خێری دەستێوەردانی ئەردۆغان کە ڕاسپێردراوەکانی دەسەڵاتی ئێران و کارگێڕانی فەیلەقی قودسی دەپاراست، لە دەستی یاسا هەڵهات.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌