ئێران

ئاگری پاڵاوگەکەی تاران هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە

لە شەوی ڕابردووەوە، پاڵاوگەی “توندگویان” لە باشووری شاری تاران لەناو ئاگردا دەسووتێت و بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە کۆگاکانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگرەکەی فراوانتر بووەتەوە.

لە ئێستادا، دووکەڵێکی فراوان ئاسمانی تارانی داپووشیوە و خەڵک نیگەرانن لە کەمبوونەوە یان بڕانەوەی بەنزین لە تارانی پایتەخت، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری بەنزینی ئەو شارە لەم پاڵاوگەیەوە دابین دەکرێت.

بیژەن نامدار زەنگنە، وەزیری نەوتی ئێران بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە: بەهۆی سووتانی سووتەمەنی قورسی ناو پاڵاوگەکە، دووکەڵ ئاسمانی داگرتووە، بەڵام بە واتای ئەوە نییە کە “ڕووداوێکی گرنگ” ڕوویدابێت.

لە کاتێکدا بەشی پەیوەندییەکانی پاڵاوگەکە ڕایگەیاندووە کە دەبێت چاوەڕیی بکرێت کە هەموو سووتەمەنییەکانی ناو کۆگاکان بسووتێت تا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، وەزیری نەوتی ئێران وتوویەتی؛ “بەرهەمهێنانی بەنزین لە ئەمڕۆوە دیسان لەم پاڵاوگەیە دەستپێدەکاتەوە”.

کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی توندگویانی تارانیان ڕوون نەکردووەتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌