ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕکابەرەکانی بنیامین ناتانیاهۆ ڕێککەوتوون بۆ پێکهێنانی حکومەت

نفتالی بنێت سەرۆکی پارتی ڕاستگەرای نەتەوەیی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ یائیر لاپید سەرۆکی پارتی لیبراڵی ‘یش عتید’، بە مەبەستی لادانی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتە.

ئەم دوو کەسایەتییە سیاسییەی ئیسرائیل بەبێ ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل، دانوستانیان کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی هاوپەیمانی دەربڕیوە.

نفتالی بنێت بە فرانس پرێسی وتووە: هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم تا لەگەڵ هاوڕێیم یائیر لاپید حکومەتێکی یەکێتی نەتەوەی دامەزرێنین، بەمشێوەیە ئیسرائیل بەروە هاوپەیمانێتییەکی گشتگیری نەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ناتانیاهۆ لە وڵات نزیک دەکەینەوە.

لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتییە، بنیامین ناتانیاهۆ بە ڕۆیتەرزی وتووە: ئەم هاوپەیمانییە بۆ ئاسایش و داهاتووی ئیسرائیل مەترسیدارە، بۆ بەرگری لە ئیسرائیل چی دەکەن؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێران و غەزە دەکەن؟ چ قسەیەکیان بۆ ئەمریکا هەیە؟

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل پارتی لیکود ٣٠ کورسی لە ١٢٠ کورسیی پەرلەمانی ئیسرائیلی بەدەستهێنا، ڕووین ڕیۆلین سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینە، بەڵام لە ماوەی دیاریکراودا نەیتوانی ئەمکارە بکات، بۆیە ڕیۆلین، یائیر لاپیدی بۆ ئەمکارە ڕاسپاردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌