ژن

ئەلیف ڕۆناهی: ئەردۆغان بە شەڕ لەدژی پەکەکە تورکیای بەرەو داڕمان بردووە ئەنجامیشی دەست نەخستووە

ئەلیف ڕۆناهی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی مەدیاخەبەردا بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا لەبەرامبەر سوپای داگیرکەری تورکیا و هەروەها قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەی تاوتوێ کرد. ئەلیف ڕۆناهی وتی ڕژیمی ئەردۆغان بۆ ئەوەی پەکەکە پاکتاو بکات، تورکیای خستووەتە لێواری داڕمان. بەڵام بەو حاڵەشەوە هیچ ئەنجامێکی دەست نەکەوتووە.

ئەلیف ڕۆناهی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە دەڵێ بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئەردۆغان و باغچەلییەوە، تورکیا لەڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بەرەو داڕمان چووە. هاوکات بە ئاماژەدان بە بەرخۆدانی سەرکەوتووی گەریلاکان لەدژی داگیرکاریی تورکیا، تەئکیدی کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی پێویستە لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کات کاتی ئازادییە”، هەموو شوێنێک ببێتە گۆڕەپانی بەرخۆدان.
ئەلیف ڕۆنانی شەوی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی “مەدیاخەبەر”دا کاریگەریی بەرخۆدانی گەریلا لەسەر تێکچوونی ڕەوشی ناوخۆیی تورکیای هەڵسەنگاند.

ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە لە سەرەتای بەرنامەکەدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو چالاکیانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەرتاسەریی “کات کاتی ئازادییە” بەڕێوە دەچن، وتی: “ئەو هەڵمەتە تا ئاستێکی باش پێشکەوتووە. چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن لەپێناو ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. لە ئەمریکای لاتینەوە هەتا بەریتانیا، بە دەیان سەندیکای کرێکاری، ڕێکخراوی ئەنتەرناسیۆناڵیست، لەگەڵ سەدان ئەکادیمیسییەن و سیاسەتمەداری جیهانی پشتگیریی ئەو هەڵمەتە دەکەن.”

هاوکات تەئکیدیشی کردەوە کە ئەو هەڵمەتە زیاتر لە ئێستا پێشبخرێت و بەهێزتر بکرێت.”

ئەلیف ڕۆناهی لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی پەلاماری داگیرکارانەی ڕژیمی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان، وتی: “ڕژیمی فاشیستی ئەردۆغان لە ٢٠١٤ەوە پیلانی بەچۆکداهێنانی گەلی کوردی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەتایبەتی لە دژی هێزەکانی گەریلا دەستی بە هێرشی کرد. هەموو هێزی خۆی خستە کار. هەموو دەرفەتە ئابووری، سەربازی و سیاسییەکانی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە و گەلی کورد بەکار هێنا. هیچ هێز و لایەنێک نەما باجی پێنەدا. ئێستا تورکیا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە داڕماوە. هەمووشی لەپێناو ئەوەیە گەلی کورد و پەکەکە لەناو ببات. بەڵام پیلانەکەی سەری نەگرتووە.”

ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە هەروەها ڕۆڵی گەریلاکانی یەژەئاستاری لە بەرخۆدان لەبەرامبەر داگیرکاریدا بەرز نرخاند و وتی ئێستا ئیتر ژنانی کورد بوونەتە هێزێکی گەورەی پاراستن و لە هەموو ئاستەکاندا لە ڕیزی پێشوەی شەڕدا چالاکی ئەنجام دەدەن.”

ئەلیف ڕۆناژی لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا تەئکیدی کردەوە کە سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەریلا بە سەرهەڵدانی هەمەلایەنەی گەل و شەڕ گەلی شۆڕشگێڕی مسۆگەر دەبێت. لەو بارەیەوە وتی: “ئێستا دەرفەتی گەورە لە بەردەستە. هەلومەرجی لەبار بۆ شۆڕش هاتووەتە پێشەوە. دەبێ ئەم بابەتە باش تاوتوێ بکرێت. دەبێ هەموو کەسێک ئەوەی لەدەستی دێت، درێخیی لێ نەکات.”

ئه‌مانه‌ش ببینه‌