جیهان

فەڕەنسا؛ بە دەیان هەزار کەس لە هەرێمی بۆرۆتاین داوای پەروەردە بە زمانی خۆیان دەکەن

بە دەیان هەزار کەس لە هەرێمی “برۆتاین”ی فەڕەنسا بۆ مافی پەروەردە بە زمانی دایک و پەرەپێدانی زمانی برۆتانی خۆپێشاندانیان کرد. دەیان حیزب و ڕێکخراویی سیاسیی فەڕەنسا بەشداری خۆپێشاندانەکە بوون.

خۆپێشاندەران دژی بڕیارێکی ئەمدواییەی کۆنسەی دەستووریی فەڕەنسا هەڵوێستیان نیشان دا کە پەرەپێدانی زمانە هەرێمییەکانی دژی بنەماکانی دەستوور لەقەڵەم دابوو. خۆپێشاندەران تەئکیدیان کردەوە بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بە زمانی دایک پەروەردە ببینن دەبێ، دەستوور بگۆڕدێت.

ئەوان هەروەها تەئکیدیان کردەوە کە پێویستە زمانی برۆتانی لە هەرێمە برۆتانی زمانەکانی فەڕەنسا ببێتە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە.

زمانی برۆتانی سەر بە بنەماڵەی زمانە سێلتییەکانە کە لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای فەڕەنسا قسەی پێکراوە. بەهۆی سیاسەتی تەک نەتەوە و تەک زمانی دەوڵەتی فەڕەنسا ئەو زمانە و بە دەیان زمانی هەرێمیی دیکە لەناو چوون یان لە لێواری لەناوچووندان.

لە میانەی خۆپێشاندانەکەدا هەروەها یادی شەڕڤانی ئەنتەرناسیۆناڵیستی یەپەگە شەهید “ئۆلیڤیە لوکلانش” ناسراو بە “کەنداڵ برێیز” کرایەوە. شەهید کەنداڵ لە هەرێمی بۆرۆتانی فەڕەنساوە بەشداری شۆڕشی ڕۆژاڤای کردبوو و ساڵی ٢٠١٨ لە پەلاماری ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمی عەفرین گیانی بەخت کرد. شەهید کەنداڵ برێیز پێش شەهیدبوونی بۆ چەندین ساڵ هەوڵی بووژانەوەی زمانی برۆتانیی داوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌