ئێران

زنجیرە سمینارەکانی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران؛ پرسی ستەمی ئاینی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرا

لە درێژەی زنجیرە سمینارەکانی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێراندا، پرسی “ستەمی ئاینی” لە ئێران تاوتوێ کرا.

“پەیمان پێدروود” شڕۆڤەکاری سیاسیی یارسان میوانی سمیناری ئەمجارەی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران بوو. سمینارەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای سمیناری ئەم جارەدا، فریشتە محەمەدی بەیاننامەی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێرانی لەسەر پێویستیی بایکۆتی هەمەلایەنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ڕژیمی ئێران خوێندەوە.

دواتر پەیمان پێدروود لەسەر ستەمی ئاینیی کەمە نەتەوەکان بە درێژایی مێژووی ئێران و ناوچەکە قسەی کرد.

پێدروود وتی: بەشێک لەو ستەمەی ئێستا لەلایەن حکوومەتەکانی ناوچەکەوە دژی باوەڕییە جیاوازەکان پەیڕەو دەکرێت، بۆ سەدەکانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕژیمێکی فاشیستیی دینی، لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، ئاین و باوەڕییە جیاوازەکانی چەوساندۆتەوە.

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران هەر دوو هەفتە جارێک سمینارێکی ئۆنلاین بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بەڕێوە دەبات. سمینارەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی زووم بەرێوە دەچێت و ڕاستەوخۆ لەسەر فەیسبووک و یوتیۆبیش بڵاو دەکرێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌