جیهان

گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی بەرجام؛ ئەمریکا دیسان دەڵێ لە پابەندبوونی ئێران دردۆنگە

خولی پێنجەمی گفتوگۆکان بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنامەی بەرجام لە کاتێکدا دەستی پێکردووە کە وەزیری دەرەوی ئەمریکا جارێکی تر بێمتمانەیی خۆی لە گەڕانەوەی ئێران بەو ڕێککەتنامەیە دووپات کردۆتەوە.

ڕۆژی یەکەم لە خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی بەرجام ئەمڕۆ لە شاری ڤیەننا پایتەختی ئۆتریش بە بەشداریی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی ڕژیمی ئێران و چین، ڕووسیا، فەڕەنسا و بەریتانیا دەستی پێکرد. ئەمریکاش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری گفتوگۆکانە.

دوای گفتوگۆکان، عەباس عێراقچی سەرۆکی شاندی دانستانکاری ڕژیمی ئێران وتی: نابێ بە مسۆگەرییەوە باسی ئەوە بکرێت کە داخۆ ئەمە خولی کۆتایی دەبێت. چونکە زۆر بابەتی گرینگ و چارەنووسازی دیکە ماوە قسەی لەسەر بکرێت. ناوبراو هاوکات هیوای خواست لایەنەکان زووتر بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە ویستەکانی تارانی تێدا دابین کرابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە، عێراقچی هەفتەی ڕابردوو، دوای خولی چوارەمی گفتوگۆکان وتبووی پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتووە و ئەو بۆ ڕاوێژی کۆتایی دەگەڕێتەوە تاران.

لەلایەکی دیکەوە ئانتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ جارێکی تر دووپاتی کردووە کە وڵاتەکەی دڵنیا نییە لەوەی داخۆ تاران دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکانی ناو ڕێککەتنامەی بەرجام یان نا.
بلینکەن پێشتریش لە وتوژێکی تەلەفزیۆنیدا قسەیەکی هاوشێوەی کردبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌