ژن

تەڤگەری ژنانی کورد لە فەڕەنسا کۆنگرەی چوارەمی خۆی بەڕێوە برد

تەڤگەری ژنانی کورد لە فەڕەنسا دوێنێ چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی، بە درووشمی “دژی کوشتاری ژنان، کاتی پاراستنی ژنی ئازادە”، ئەنجام دا. کۆنگرەکە لە ناوەندی نەجەدەکەی فەڕەنسا لە پاریس بەڕێوە چوو.

نوێنەرانی دەیان ڕێکخستنی ژنانی کورد لە سەرتاسەری فەڕەنساوە بەشداری کۆنگرەی چوارەم بوون.

کۆنگرە کاتژمێر یازدەی پێشنیوەڕۆ بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دیوانی کۆنگرە، بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێکرد.

بەشێک لە کاری کۆنگرەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسیی ئێستای کوردستان و هەرێمەکە تەرخان کرابوو.

لەم بەشەدا بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی خەباتی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەئکید کرایەوە کە ژنان لەسەر ئاستی جیهان بوونەتە پێشەنگی خەبات و تێکۆشان. ژنانی کوردیش بوونەتە سەرچاوەیەکی سوودبەخش بۆ خەباتی ژنانی جیهان.

هەروەها ڕاپۆرتی یەک ساڵی ڕابردووی ڕێکخستنەکانی ژنان خوێندرایەوە. سەبارەت بە کەمپەینی “سەد هۆکار بۆ دادگایی کردنی دیکتاتۆر ئەردۆغان”یش ڕاپۆرتێک پێشکەشی کۆنگرە کرا.

لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا قسە لەسەر بەرنامە و کاری داهاتووی تەڤگەری ژنانی کورد لە فەڕەنسا کرا و پێشنیارەکان سەبارەت بە زیاتر بەرەوپێشبردنی خەباتی ژنانی کورد خرایە ڕوو.

هەروەها بە زۆرینەی دەنگی بەشداربووان، پێنج کەس وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی تەڤگەری ژنانی کورد لە فەڕەنسا هەڵبژێردران.

کۆنگرەکە بە درووشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “بژی سەرۆک ئاپۆ” کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌