جیهان

مەجارستان ڕێگریی لە بەیاننامەیەکی یەکێتیی ئەورووپا کرد سەبارەت بە شەڕی غەزە

وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێن بەهۆی ڤیتۆی مەجارستانەوە نەیانتوانیوە بەیاننامەیەکی هاوبەش سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەربکەن. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دەوڵەتی مەجارستان پێشتریش هەڵوێستێکی هاوشێوەی بە قازانجی ڕژیمی تورکیا گرتووە.

مەجارستان، وەک یەکێ لە ٢٧ ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا ڤیتۆی لەسەر بەیاننامەیەکی ئەو یەکێتییە سەبارەت بە شەڕی غەزە داناوە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلەی، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی مەجارستان وتوویەتی کە ئەو بەیاننامەی یەکێتیی ئەورووپا زۆر تاکلایەنەیە و بەشێوەیەکی زەق دژایەتیی ئیسرائیلی پێوە دیارە.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەکەی یەکێتیی ئەورووپادا داوا لە ئیسرائیل و حەماس کرابوو دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنن. بەڵام مەجارستان دژی ئەوە بووە داوایەکی لەوچەشنە لە ئیسرائیل بکرێت و پێی باش بووە تەنیا ئاراستەی حەماس بکرێت.

ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک کۆماری ئۆتۆریتەری مەجارستان وەک دۆستێکی وەفاداری ئیسراییل و بەتایبەت بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە ناسراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە مەجارستان بەیاننامەی هاوبەشی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ڤیتۆ دەکات. ڤیکتۆر ئۆربان کە هاوکات لەگەڵ نەتانیاهوو دۆست و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەردۆغانیشە، پێشتریش چەند جارێک ڕێگریی لە دەرچوونی بەیاننامەی ڕەخنەگرانەی ئەورووپا لە تورکیا گرتبوو.

ساڵی ڕابردوو کاتێ کە یەکێتیی ئەورووپا بەنیازبوو سیاسەتی هەلپەرستانەی ئەردۆغان لە دەریای مەدیتەرانە سەرکۆنە بکات مەجارستان بە هەمان شێوە ناڕەزایی دەربڕیبوو. ئەوکاتە وەزیری دەرەوەی مەجارستان گوتبووی ئاسایشی ئەرووپا بە ئاسایشی تورکیاوە بەندە. تورکیا چوار ملیۆن پەنابەری لەبەر ئێمە لە خاکەکەی گل داوەتەوە.
مەجارستان هەروەها لەکاتی دەستێوەردانەکانی ڕژیمی تورکیا لە شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانیش، هەڵوێستێکی هاوشێوەی بە قازانجی تورکیا نیشان دابوو.

دەوڵەتی مەجارستان ئەندامی چاودێری ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی تورک زمانە. لە کۆبوونەوەی لووتکەی ئەو وڵاتانە کە مانگی مارسی ڕابردوو بەڕێوە چووبوو، ڤیکتۆر ئۆربان بەشداریی کردبوو.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەردۆغانیش کە ئەمڕۆژانە بەبیانووی شەڕی غەزە، گوایە لێدوانی ئاگرین دژی ئیسراییل دەدات، خۆی هاوپەیمانێکی ستراتژیکی ئیسراییلە.

بەپێی ئامارێکی ماڵپەڕی “تورک پرێس”، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرییل لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەردۆغان و نەتانیاهوودا بەڕێژەیەکی بەرچاوە بەرز بووەتەوە. ساڵی ٢٠١٧ ئەو قەبارەیە بەڕێژەی حەڤدە لەسەد گەشەی کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌