ئێران

حەسەن رۆحانی: بۆ لابردنی گەمارۆەکان رێککەوتن کراوە و تەنها وردەکارییەکان ماون

ئەمڕۆ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران و وڵاتانی ٤+١ کە ماوەی دوو هەفتەیە لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا بەرێووە دەچێت، قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کردوە.

ڕۆحانی لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان وتی: هەنگاوی سەرەکیی هەڵگیراوە،، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی تەنیا وردەکارییەکان ماون.

ڕۆحانی ئاشکراشیکردووە کە ئەمریکا هەڵگرتنی هەندێک لە گەمارۆکانی قبوڵ کردووە و وتی: بەڵێنیان داوە کە گەمارۆکانی سەر کەرتەکانی؛ نەوت، پترۆکیمیاوی، کەشتیوانی، بیمە و بانکەکانمان هەڵگرن، ڕێککەوتن لەسەر ئەمانە تەواو کراوە.

عباس عێراقچی دانوستانکاری باڵای ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا ، دوێنێ ڕایگەیاند: دانوستانەکان پێشکەوتنێکی باشیان هەبووە، چەند بابەتی بنەڕەتی ماوە کە دەبێت چارەسەر بکرێن.

هەروەها ئێنریکە مورا نوێنەری یەکیتی ئەوروپا بۆ هەماهەنگیی دانوستانەکانیش ڕایگەیاندبوو: هەندێک بابەت بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە کە دەبێت چارەسەر بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە ، هەر ئەمرۆ سێ وڵاتی ئەلمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە میانەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: هیچ گەرەنتییەک بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان نییە، هێشتا هەندێک بابەتی قورس ماونەتەوە کە ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە.

لەو ڕاگەیاندراوەدا داوا لە کاربەدەستانی ئێران کراوە کە ڕێگە بە چاودێریی لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بدات تا بتوانن سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان ئەو ووڵاتە بکەن.بە پێچەوانەوە دانوستانەکان بی ئاکام دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌