ئێران ژن

موژگان کاوسی لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران مانگی لە خواردن گرتووە

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ گولانەوە، موژگان کاوسی ژنە زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ئێڤینی تاران دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن.

سەرچاوەکە بە پشتبەستن بە وتەی یەکێک لە کەسوکاری ئەو زیندانییە، نووسیویەتی: موژگان کاوسی لە کاتێکدا زیاتر لە نیوەی سزاکەی تێپەڕاندووە، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردنی بێسنوور، داخوازەکانیشی کەسیی نیین و ڕەخنەیەکە لە ڕەهەندی گشتی هەڵسوکەوتەکانی کاربەدەستانی زیندان و بەرپرسانی دەزگای دادی حکومەتی ئێران، بەرامبەر هەموو زیندانیان.

موژگان کاوسی ساڵی پاریش، مانی لە خورادن گرتبوو، کە لە ئەنجامیدا، نەخۆشییەکانی پێشووی وەک؛ شەکرە و کێشەی دڵی سەری هەڵدایەوە، ئێستاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی ئەو نەخۆشییانەی هەیە.

جێگای ئاماژەیە، موژگان کاوسی، لە ڕۆژی ١٨ی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٩ـدا، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە نەوشەهری باکووری ئێران دەستگیرکرابوو و دوای مانگێک لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازادکرابوو.

موژگان کاوسی دەستپێک لەلایەن دادگای دەسەڵاتەوە، بۆ چەند تۆمەت، لەوانە؛ “ئەندامێتی لە گروپێکی دژبەری دەسەڵات، پروپاگاندا دژی دەسەڵات و هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوە”، سزای ٦٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای تانەدان لە بڕیارەکە، سزاکەی بۆ ٧٦ مانگ زیندان، کەمکرایەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌