ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گرژیی و ئالوزیەکانی کەرتی غەزە کوژرانی ٧٠ فەلەستینی و ٧ ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە

لە گەڕی ئەمجارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماسدا کە چوار ڕۆژە دەستی پێکردووە, هەتا ئێستا زیاتر لە حەفتا فەلەستینی و حەوت ئیسرائیلی کوژراون. زۆربەی قوربانییەکانی هەردوو لا خەڵکی سڤیلن.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر کەرتی غەزە، لانیکەم شەش فەرماندەی حەماس کوژراون. لەو هێرشانەدا هەروەها باڵاخانەی تەلەفزیۆنی حەماس خاپوور کراوە. حەماس کوژرانی ئەو فەرماندانەی پشتڕاست کردۆتەوە.

لە بەرامبەردا حەماسیش ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکانیدا سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراوە و ئۆتۆمبیلێکی سەربازیی ئەو وڵاتە تێکشکێندراوە.

حەماس لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٠٠ مووشەکی ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کردووە. هەندێ لەو مووشەکانە بۆ یەکەمجار شاری تێلاڤیڤ لە ناوەندی ئیسرائیلی بە ئامانج گرتووە.

هاوکات، ئاڵۆزی و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە شاری زۆرینە عەرەبنشینی “ئەلۆد” لە ئیسرائیل چەند ڕۆژە بەردەوامە. خۆپێشاندانەکان لەلایەن دانیشتووانی عەرەبی ئەو شارەوە دژی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی بەڕێوە دەچێت. لەو خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا بەدەیان ئۆتۆمبیل سووتێندراون. ئیسرائیل لەو شارە ڕەوشی ئاوارتەی ڕاگەیاندووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا،داویان لە هەردوولا کردووە کۆتایی بە هێرشەکان بهێنن.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌