کوردستان

زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مەهاباد سزای چل ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان محەمەد مورادی زیندانیی سیاسیی کورد بە تۆمەتی “دژایەتی لەگەڵ خودا بەهۆی ئەندامێتیی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەو سزا قورسەی بەسەردا سەپێندراوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندانیی سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتووە کە محەمەد مورادی لە زیندانی لە زیندانی نەغەدە حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

محەمەد مورادی خەڵکی گوندی “قەبری حوسێن” سەر بە شاری پیرانشارە. بەهاری ساڵی ١٣٩٧ دوای ئەوەی بنەماڵەکەی ئەماننامەیان لە سپای پاسداران وەرگرت، لەکاتی گەڕانەوەی لە باشووری کوردستانەوە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە قۆڵبەست کرا.

لە سەرەتای گیرانیدا بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە ئازار و ئەشکەنجە درا. ئەو زیندانیییە سیاسییە لەژێر ئەشکەنجەدا بە زۆر ناچار کرا دانبەوەدا بنێت کە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە و بۆ ئەنجامدانی چالاکیی چەکداریی گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵات.

محەمدە مورادی دواتر لە دادگا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە لەژێر ئەشکەنجەی توندا ناچار بە دانپێداندان کراوە.

دوو برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پاییزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی تەقەی چەکدارانی ڕژیمی ئێرانەوە کوژراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌