ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تەقینەوەیک لە ویلایەتی زابولی ئەفغانستان ١١ کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێکی چێندراو لە ویلایەتی زابول لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، بە پاسێکی گەرەودا تەقیوەتەوە.

گوڵ ئیسلام سەیال وتەبێژی ویلایەتی زابول ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا ١١ کەس کوژراون و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و دۆخی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.

جێگای ئاماژەیە، ٨ی ئەم مانگەش سێ بۆمب لە بەردەم خوێندنگایەکی کچان لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان تەقێندرانەوە کە لە ئەنجامیدا ٦٣ خوێندکار کوژران و نزیکەی ١٥٠ی دیکەش برینداربوون.

تاکو ئیستا هیچ گروپ و تاقمێک ئەو تەقینەوانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوابەدوای دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هێرشەکانی چەکدارانی تاڵیبان چڕتر بووەتەوە، هەرچەند گروپی تاڵیبان بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لەمڕۆوە، سێ ڕۆژ ئاگربەستی ڕاگەیاندووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌