جیهان

ئانتۆنی بلینکێن: ڕژیمی ئێران تەنیا چەند مانگی بۆ دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمی ماوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە ڕژیمی ئێران جارێکی تر خەریکە لە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیایی چەکی ناوەکی نزیک دەبێتەوە. هاوکات کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی سەر بە ڕژیمی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا و ئەورووپا لەناوبردنی نەوەی نوێی سانتریفووژەکانی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزیان وەک پێشمەرجی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو ڕژیمە دیاری کردووە.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی دڵنیا نییە لەوەی ئێران لە وتوێژەکانی ڤییەنا بۆ کاراکردنەوەی بەرجام جیدییە یان نا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕدایۆ چواری بی بی سیی بەریتانیا وتی: ئێمە لە گفتوگۆکانی ڤەیننادا جیدیبوونی خۆمان لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنامەی بەرجام نیشان داوە. بەڵام نازانین داخۆ تارانیش بەو ئەندازەیە جیدییەی هەیە یان نا.”

ئانتۆنی بلینکێن هەروەها هۆشداریی دا کە ڕژیمی ئێران چەند مانگێک و بگرە کەمتریشی ماوە بۆ ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی تەکنۆلۆژیای درووستکردنی چەکی ئەتۆمی لە خاڵی وەرچەرخان نزیک ببێتەوە.

وەزیری دەروەی ئەمریکا پێشتریش لە وتوێژ لەگەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هۆشدارییەکی لەو چەشنەی دابوو.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی تەلەفزیۆنیی “پرێس تی.ڤی” سەر بە ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا و ئەورووپا وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران داوایان لەو ڕژیمە کردووە نەوەی نوێی سانتریفوژەکانی لەنا ببات. ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە هەروەها ئیدعای کردووە کە گوایە ڕژیمی ئێران ئەو مەرجەی ئەمریکای ڕەت کردۆتەوە.

ئێران و وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنامەی بەرجام هەتا ئێستا سێ جار بۆ دووبارە کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنامەیە گفتوگۆیان ئەنجام داوە. ئامانجی سەرەکیی ئەو گفتۆگۆیانە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەتنامەی بەرجام و هەڵگرتنی سزاکانی ئیدارەی تڕامپ لەسەر ڕژیمی ئێرانە.

ئەگەرچی لایەنە بەشدارەکانی باس لە هەندێ پێشکەوتن دەکەن، بەڵام تا ئێستا دەرەنجامێکی ئاشکرای لێ نەکەوتۆتەوە. گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر تاران هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و ئێرانیش هێشتا کۆتایی بە پیتاندنی سەرووی بیست لەسەدی ئۆرانیۆم نەهێناوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌