کوردستان

هەپەگە: لە ٢٣ی ئاپریلەوە تا سێی مانگی مەی ١٤٧ چەکداری داگیرکەری تورکیا کوژراون

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل، هەپەگە، ئاماری بەرخۆدانی دە ڕۆژەی گەریلا لە بەرامبەر پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ٢٣ی ئاپریلەوە تا ٣ی ئەم مانگە لە چوارچێوەی هەڵمەتە شۆڕگێڕییەکانی بازەکانی زاگرۆس و جەنگی خابووردا دەیان چالاکییان لەدژی داگیرکەران ئەنجام داوە. لەو چالاکیانەدا لانیکەم ١٤٧ چەکداری داگیرکەر کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: “پەلاماری ئەمدواییەی ڕژیمی پاکتاوکەری تورکیا هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە و یەژەئاستار بەرپەرچ درایەوە و گورزی گەورە لە داگیرکەران درا. گەریلا لە حاڵەتی بەرگریدا نەمانەوە و بۆ سەرخستنی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی “کات کاتی ئازادییە”، یەکسەر دەستیان بە چالاکیی هێرشبەرانە لەدژی داگیرکەران کرد.”

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سوپای داگیرکەری تورکیاش سەدان جار بە تۆپ و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای تۆپباران و بۆردوومان کردووە. ٣٤ جار ویستوویەتی خۆی بگەیەنێتە تونێلەکانی شەڕ. بەڵام هەموو جارێک لەئاکامی بەرخۆدانی گەریلا بێئەنجام ماوە. ڕژیمی تورکیا لانیکەم نۆ جار گازی شیمیایی بەکار هێناوە.

هەپەگە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ماوەی دە ڕۆژی یەکەمی شەڕ لە هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لانیکەم ١١٦ چالاکیان دژی داگیرکەران ئەنجام داوە.
هەپەگە ڕایگەیاندووە: “لەو دە ڕۆژەدا هێزەکانمان بەوپەڕی بوێریی و ئیرادەوە هێرشیان بردە سەر داگیرکەران. بە تاکتیکی بەهێز و شارەزایانە شەڕیان کرد و بەرپەرچی پەلامارەکانی دوژمنیان دایەوە.”

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، یەکینەکانی هێزی ئاسمانیی شەهید دەلال ئامەد هەشت چالاکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام داوە. دوو چالاکیی ڕۆژی ٢٤ی ئاپریل لەدژی مۆڵگەیەکی دوژمن لەسەر گردی زەندوورای هەرێمی مەتینا ئەنجام دراوە.

لە ئەنجامی بەرخۆدان و چالاکییەکانی گەریلادا، زەبر لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەش هەلیکۆپتەری دوژمن وەشێندراوە. هەروەها لانیکەم ١٤٧ سەربازی داگیرکەریش کە یەکێکیان فەرماندەی مۆڵگە و یەکێکی دیکەیان سەربازی پسپۆڕ بووە کوژراون. چەندین سەنگەر و ئامێری سەربازیی دوژمنیش تێکشکێندراوە و چەندین پارچەی دیکە کەوتووەتە دەست گەریلاکان.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “سوپای داگیرکەری تورکیا کە بەردەوام لە بەرامبەر دەوڵەتاندا پەسنی خۆی دەدا، لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ کەوتە سەر چۆک و نەیتوانی پێش بکەوێت. سوپای داگیرکەر کە کوژراوەکانی لە ڕای گشتی دەشارێتەوە، شەوانە بە دەیان هەلیکۆپتەر کوژراو و بریندارانی خۆی دەگوازێتەوە. هاوکات جێگۆڕکێ بەو سەربازانە دەکات کە چیتر توانای شەڕیان نامێنێت و سەربازی نوێ لە شوێنیان دادەنێت.

لە بەشێکی تری ڕایگەیاندووەدا هاتووە کە شەش گەریلای قارەمانی هەپەگە و یەژەئاستار بە ناوەکانی ئەکین، ئاسیا، چیاگەر، دلشێر، دەلال و ڤیان بەوپەڕی قارەمانێتییەوە بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە و تەڤلی کاروانی شەهیدان بوون.

ئه‌مانه‌ش ببینه‌